لە هەولێر داوا دەکرێ عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان
لەهەولێر گردبوونەوەیەک ساز دەکرێت و داوا دەکرێ عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
گردبوونەوەکە کاتژمێر 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 15-7-2019 لە پارکی شار ساز دەکرێت و تێیدا چالاکوانانی مەدەنی داوا دەکەن عێراق واژۆی پەیماننامەی رۆما بکات و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
گردبوونەوەکە لە رۆژی ”دادپەروەریی جیهانی“ ساز دەکرێت.
هەر وڵاتێک ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و پەیماننامەی رۆما واژۆ بکات، ئەوا دەتوانرێ کەسانی ئەو وڵاتە، کە تاوانی جینۆساید و تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە، لەو دادگایە نێودەوڵەتییە دادگایی بکرێن.
ئەگەر عێراق ببێتە ئەندامی ئەو دادگایە، ئەوا دەتوانرێ کەیسەکانی ئەنفال، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و سوتماککردنی کوردستان ببرێتە ئەو دادگایە.
باسنیوز
