مەسعوود نووری: رۆژانی دابێ رێگەی گوێڕ- مووسڵ دەكرێتەوە

 مەسعوود نووری: رۆژانی دابێ رێگەی گوێڕ- مووسڵ دەكرێتەوە
رێگای گوێڕ- مووسڵ، كە لە رێگەی پردێكی درێژەوە دەست پێدەكات، بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا بكرێتەوە، بەڕێوەبەری شارەدێی گوێڕی سەر بە قەزای مەخمووریش ئاشكرای كرد، پردی گوێڕ گەورەترین پردی عێراقە و پارێزگای مووسڵ بە پارێزگاكانی دیكەی عێراقەوە دەبەستێتەوە.



مەسعوود نووری، بەڕێوەبەری شارەدێی گوێڕ، راگەیاند: "لەگەڵ ھێرشی تیرۆریستانی داعشدا، پردی گوێڕ وەك گەورەترین پردی عێراق بەشێكی تەقێندرایەوە و زیانی زۆری بەر كەوت، لە دوای دەستپێكردنی شەڕی داعش و دواتر رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، رێگای گوێڕ- مووسڵ گیراوە، بەڵام كەوتووینەتە خۆئامادەكردن بۆ كردنەوەی رێگاكە و بڕیارە لە چەند رۆژی ئایندەدا رێگای گوێڕ- مووسڵ بە ڕووی ھاووڵاتیاندا بكرێتەوە".



بەڕێوەبەری شارەدێی گوێڕ دەشڵێت: "پردی گوێڕ، كە پارێزگای مووسڵ بە شارەكانی دیكەی عێراقەوە دەبەستێتەوە، درێژییەكەی ھەزار و ٣٥٠ مەترە و گەورەترین پردە لە عێراق، كە كردنەوەی پردەكە، سوودێكی زۆری ھەیە بۆ دانیشتووانی مووسڵ و ھەموو عێراق، چونكە رێگایەكی بازرگانیی گرینگیشە و بە كردنەوەی ھاتوچۆی نێوان قەزای مەخموور و مووسڵیش دەست پێدەكاتەوە".



مەسعوود نووری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لەگەڵ كردنەوەی رێگای گوێڕ- مووسڵ، دەست بە پڕۆسەی نۆژەنكردنەوەی پردی گوێڕ دەكرێت و پێنج ملیار دیناری عێراقی بۆ نۆژەنكردنەوەی پردەكە خەرج كراوە، كە بە ھۆی شەڕی داعشەوە زیانی بەركەتبوو".

kdp -
Top