لێژنەیەك بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دانانی پارێزگار لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركووك دروست دەكرێت

لێژنەیەك بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دانانی پارێزگار لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركووك دروست دەكرێت
ئەندامێكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕای دەگەیەنێت، هەوڵ بۆ دروستكردنی لێژنەیەك هەیە كە دوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بەشداریی تێدا دەكەن، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركووك.

فواد حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕايگەیاند: "ئەو ڕێككەوتنەی لەسەر پارێزگاری كەركووك كراوە تەنیا لە ئاستی هەردوو مەكتەب سیاسییە و هێشتا ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگار نەكراوە، ئێمە چاوەڕێین تا بابەتەكە دێتە ئەنجومەن بۆ ئەوەی بزانین ئالیەتەكە چۆنە".

هاوكات جەختی كردەوە: "كاتی خۆی گوتوومانە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك زۆر گرنگە و پارێزگار بەبێ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە زۆر سەختە كە شار بەڕێوە بیات، لەبەر ئەوەی دەیان پۆست بگۆڕدرێن و شارەكە لەژێر عورفی سەربازیدا بمێنێتەوە و پارێزگار هەبێت و سوودی نابێ لەوانەیە كێشەی زیاتریشی بۆ دروست ببێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێستا هەوڵ بۆ پێكهێنانی لێژنەیەك هەیە كە لەوانەیە دوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیشی تێدا بیت، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ پێكهاتەكانی شارەكە بكرێت، لەبەر ئەوەی پارێزگار بۆ هەموو پێكهاتەكانە نەنیا پارتی و یەكێتی، بۆیە دەبێ ڕەزامەندیی ئەوانیش وەربگیرێت و گوتیشی: "ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگار لەڕووی یاساییەوە دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە بتوانین ڕێژەی یاسایی تەواو بكەین و بابەتەكە تێپەڕێنین، بەڵام دەبێ ڕەزامەندیی نەتەوەكانی دیكەش لەبەرچاو بگرین، بۆ ئەوەی سبەی لەمپەر بۆ پارێزگار دروست نەكەن".

ڕوونیشی كردەوە: "ئەگەر بڕیار لەسەر كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بدرێت، ئەوا بۆ شوێنی كۆبوونەوەكە گەڕانەوە بۆ كەركووك بە ئاسایی نابینم و ئاسان نییە".











باسنيوز
Top