خاوەنی کتێبخانەی ماڵی وەفایی: فەرهاد پیرباڵ کتێبخانەکەی سووتاندم

 خاوەنی کتێبخانەی ماڵی وەفایی: فەرهاد پیرباڵ کتێبخانەکەی سووتاندم


دوای چەند ڕۆژێک لە هەڕەشەکردن،، فەرهاد پیرباڵ، کتێبخانەی وەفایی سووتاند کە هەزاران ناونیشانی کتێبی تێدایە.



شەوی ڕابردوو کتێبخانەی (ماڵی وەفایی) لەنێو باخچەی وەفایی لە گەڕەکی ئەندازیارانی شاری هەولێر سووتا.



کەمێک لەمەوبەر، سۆران عەزیز، خاوەنی کتێبخانەکە بە کەناڵی (کوردستان ٢٤)ی ڕاگەیاند: ”پێنج شەممە کۆڕێکمان بۆ فەرهاد پیرباڵ کرد، دوو کتێبمان بۆی چاپ کرد، حەقی خۆیمان پێی داوە، بەڵام ئەو هەڕەشەی کرد و گوتی ئێوە سەر بە نێچیرڤان بارزانین و من کتێبخانەکەتان دەسووتێنم، دوێنێ هەڕەشەکەی دووبارە کردەوە، ئێمەش داوامان لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کرد کە کتێبخانەکەمان بپارێزن“.



ڕوونیشی کردەوە کە پێنج هەزار ناونیشانی کتێب لەنێو کتێبخانەکەدا هەیە و کۆگایەکی گەورەشی لێیە کە زیاتر لە ١٠٠ کارتۆن کتێبی تێدایە، هەموو کتێبەکان یان سووتاون یانیش بەهۆی ئەو ئاوەی لە لایەن ئاگرکوژێنەوەدا بەکار هێندراوە، بەکەڵکی خوێندنەوە نەماون.



سۆران عەزیز جەختی کردەوە: ”دەبووایە گوێمان لێ بگرن و دوێنێ کە داوامان کرد ئەم کتێبخانەیەمان بپارێزن، من ١٠ ساڵە ئیش لەو کتێبخانەیە دەکەم، لە ٦٠ تا ٨٠ هەزار دۆلار زەرەرمان پێ گەیشتووە“.




Top