"لە عەنکاوە و دھۆک، کریستیان داوای پۆستی حکوومەت دەکەن"
کلارا عودیشۆ، نوێنەری کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند : "لە کاتی سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ لای پارت و لایەنە کریستیانەکاندا بەڵێنی ئەوەی پێ داوین کە لە کابینەی نوێدا پشکی زیاتر بە پێکھاتەکان دەدرێت و کریستیانەکان تەنیا بە وەزیرێک بەشداری لە کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ناکەن، بەڵکو پۆستی دیکەشیان پێ دەدرێت، بەتایبەتی داوای ھەندێ پۆستمان لەنێو حکوومەتدا کردووە، تا ڕاستەوخۆ خزمەتی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بکەین."
نوێنەرەکەی کریستیان گوتی: "ئێمە داوامان کردووە لە سنووری پارێزگای دھۆک و شارۆچکەی عەنکاوە ژمارەیەک پۆستی ئیداری بە کریستیانەکان بدرێت، لەوانە جێگری پارێزگار و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری ناحیەکان و پۆستی بەڕێوەبەری گشتی، ھەروەھا داواماشمان کردووە لە سلکی سەربازی و ئەمنیشدا کریستیان بەشدارییان ھەبێت."
کلارا عودیشۆ دەشڵێت: "پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە حکوومەتێکی بەھێز بێت و ھەموو پێکھاتەکان تێیدا بەشدار بن، لەبەر ئەوەش، باوەڕمان وایە سەرۆکوەزیرانی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ باشترکردنی ژیان و مافی پێکھاتەکان دەکات و ئەو درۆشمەی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر کاری لەسەر دەکرێت."
kdp -
