پێكھاتەكانی خانەقین واژۆ بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ و گەڕانەوەی پێشمەرگە كۆ دەكەنەوە

پێكھاتەكانی خانەقین واژۆ بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ و گەڕانەوەی پێشمەرگە كۆ دەكەنەوە
بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێكە واژۆكۆكردنەوە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ و گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە لە لایەن پێكھاتەكانی خانەقینەوە دەستی پێ كردووە، كە تا كۆتاییی ئەم حەفتەیە بەردەوام دەبێت و زۆرینەی خەڵكی خانەقینیش بە هەموو پێكهاتەكانەوە، پشتگیری لەو داواكارییە دەكەن.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، گوتی: "خەڵكی شاری خانەقین بە ھەموو پێكھاتەكانی كورد و عەرەب و توركمانەوە گرووپێكیان پێک هێناوە بە ناوی گرووپی مەدەنی و سەر بە ھیچ لایەنێك نین و خۆیان بە نوێنەری خەڵكی خانەقین دەزانن، كە سێ جار شاند ھاتووە بۆ خانەقین لەگەڵ ئەو گرووپە دانیشتوون و پێیان ڕاگەیاندوون، كە حكوومەتی عێراق ناتوانێت ئەمنیەتی ناوچەكە بپارێزێت ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەبێت، ئینجا ھەرچەند ھێز زیاد بكەن سوودی نابێت و ئێستا بۆ ئەوەی لە لایەن خەڵكەوە پشتیوانیی زیاتر پەیدا بكەن، بەنیازن ھێلەگی زەرد لەبەر بكەن بۆ ئەوەی تێكەڵ بە لایەنەكان نەكرێن و كۆمەڵێك كاری مەدەنی ئەنجام دەدەن و فشار لەسەر حكوومەتی عێراق دروست دەكەن، بۆ ئەوەی خزمەتی خانەقین بكرێت و كێشەكانی چارەسەر بكرێن".

شێخ مستەفا گوتیشی: "ماوەی چەند ڕۆژێكە ئەو گرووپە دەستی بە كۆكردنەوەی واژۆی خەڵكی خانەقین لە ھەموو پێكھاتەكان كردووە بۆ ئەوەی ماددەی١٤٠ جێبەجێ بكرێت و ھێزی پێشمەرگەش بگەڕێتەوە، چونكە ئەو گرووپە ترسیان ھەیە بكەونە بەر پەلاماری حەشدی شەعبی و ھێزی عێراقی، لەبەر ئەوەی پێشتر زیاتر لە ٩٠%ی خەڵكی خانەقین دەنگیان بە ڕیفراندۆم داوە و ئێستاش ٩٨%ی ئەو خەڵكە بە ھەموو پێكھاتەكانەوە، پشتگیری لەو گرووپە دەكەن".

بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی باسی لەوەش كرد: "كاتی خۆی، پێش ڕیفراندۆمیش سەرۆك ھۆزە عەرەبەكان واژۆیان كۆ كردەوە بۆ ئەوەی ناوچەكانیان بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی كوردستان، ئەوكاتیش كۆپییەكیان لەو واژۆیانە دایە نەتەوە یەكگرتووەكان، چونكە خەڵكی ناوچەكە بەگشتی پشتگیری لەوە دەكەن ماددەی ١٤٠جێبەجێ بكرێت و ناوچەكان بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی كوردستان و ھێزی پێشمەرگەش بگەڕێتەوە دەڤەرەكە".
kdp -
Top