ژمارەیەکی کەم لە ئێزدییەکان لە عەفرین ماون

ژمارەیەکی کەم لە ئێزدییەکان لە عەفرین ماون
لە منداڵییەوە لە عەفرین بوونە و لەوێ گەورە بوونە و بە ژیانی خۆیان ڕازی بوونە، ژیانێکی سادە و کشتوکاڵی، جگە لە کاری مامۆستایی، باغیکی زەیتونیشیان هەبووە. پیر شامۆ دوای بەجێهێشتنی شارەکەی خۆی کە عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانە، وای گوت.

پیر شامۆ، دڵێ پڕ بووە، هێشتا دڵی لە عەفرینە و جەستەی لە قەزای شێخانە لە پاریزگای دهۆک. وەک خۆی دەڵێت: "بەهۆی شۆڕشی سووریا و هاتنی هێزە چەکدارەکانەوە بۆ عەفرین ئەو تەنیا باخەی هەیبوو فرۆکەکان و گرووپە چەکدارەکان لەنێویان برد و ئێستاش چاوی لە ڕێکخراوەکانە، کە هاوکاریی بکەن."

"دەمانگوت تەنیا گیانی خۆمان ڕزگار بکەین لەبەر لێشاوی ئەو گرووپە چەکدارانەی بەسەریاندا داین. خۆمان گەیاندە هەرێمی کوردستان و ئێستا ڕەوشمان باشە." ئەمە قسەی پیر شامۆیە.

ئێزدییەکان لە حەڵەب و حەسەکە و عەفرین هەن، بەڵام لە عەفرین لە سێ شوێن دابەش بوونە، ئەوانیش بریتین لە ناوچەکانی ''شکاک'' و ''چیایی لەیلون و قەڵای سەمعان '' و ''دەشتی جومێ''.

پیر شامۆ دەڵێ: "هەرچی مەزارگەی ئێزدییان هەبوو، زۆربەیان سووتێنڕان و هەندێکیشیان کردوونەتە شوێنی خوتبەی گرووپە چەکدارەکان."

پیر شامۆ، کەسایەتیی دیاری کوردی ئێزدییە لە ڕۆژئاوای کوردستان و نوێنەری پێکهاتەی ئێزدییەکانە لە یەکێتیی ئایینییەکانی عەفرین و دەڵێت: "بەر لە شۆڕشی سووریا لە ساڵی ٢٠١١دا، نزیکەی ٦٠هەزار ئێزدی لە عەفرین هەبوون، بەڵام دوای دەستپێکردنی شۆڕش ژمارەیان بووە بە نیوە."

پیر شامۆ دەڵێت: "بەڵام دوای هاتنی گرووپە چەکدارەکان بۆ عەفرین ئێستا زۆر زۆر کەم ماون، ئەوانەی ماویشن، خۆیان لەنێو شاردا شاردووەتەوە."

ئێستاش چاوكێکی لە منداڵەکەیان و چاوکێشی لە گەڕانەوەیە بۆ شارەکەی و هەموو کاتی خۆی تەرخان کردووە بۆ کتێب خوێندنەوە و خەمی قووڵی ئەوەیە کە چۆن ڕێژەی ئێزدییان لە سووریا و بەتایبەت لە عەفرین وەک جارانی لێ دێتەوە، پیر شامۆ وای گوت.

kdp -
Top