"فراکسیۆنی پارتی لە مەترسییەکانی سەر سنوور دەکۆڵێتەوە"
دکتۆر زێدان برادۆستی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئاڵۆزی ناوچە سنوورییەکان سەردانی شارەدێی سیدەکان و دەڤەری برادۆستی کرد، مەبەست لە سەردانەکەی شاندی پارتی ئەوە بووە ئاگاداری مەترسییەکانی سەر خەڵکی سنوورەکان بین، کە ماوەیەکە کراوەتە مەیدانی شەڕی نێوان ژمارەیەک لایەن و وڵاتانی دراوسێی ھەرێمی کوردستان."
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت: "خەڵکی سیدەکان و برادۆست چەند داواکارییەکیان پێشکەش بە فراکسیۆنی پارتی کرد، لەوانە چۆڵکردنی ناوچەکەیان لە بنکە و بارەگای حزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). ھەروەھا کۆتاییھێنان بە لەشکرکێشیی تورکیا و ڕاگرتنی بوردوومان لە لایەن ھەردوو وڵاتی ئێران و تورکیاوە."
برادۆستی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "خەڵکی ناوچەکە بەنیاز بوون بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان بێنە ھەولێر خۆپیشاندان بکەن، بەڵام ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی داوکارییەکانی خەڵکی سەر سنوورمان وەرگرت و دەگەیەنینە لایەنی پەیوەندار لە پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان."
دکتۆر زێدان برادۆستی گوتیشی: "ئەوەی بینیمان لە ناوچە سنوورییەکان مەترسییەکی زۆر لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە ھەیە و دانیشتووانی شەش گوندی سیدەکان ئاوارە بوونە و زیانی زۆری ماددی و گیانی بەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان کەوتووە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەوەی ناوچەیەکی دیاریکراو کراوەتە شوێنی یەکلاکردنەوەی شەڕی ژمارەیەک ھێز و دەوڵەتی ناوچەکە و خەڵکی سڤیلی ئیمە باجەکەی دەدەن."
kdp -
