هاتوچۆی هەولێر لەبارەی تۆماركردنی ماتۆڕسكیلەوە ڕوونكردنەوە دەدات

هاتوچۆی هەولێر لەبارەی تۆماركردنی ماتۆڕسكیلەوە ڕوونكردنەوە دەدات
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، 99٪ی ئەو كەسانەی شۆفێری دەكەن مۆڵەتی شۆفێریان نییە.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕايگەیاند: ”بەپێی یاسا هەر كەسێك تەمەنی 16 ساڵی تێپەڕاندبێت بۆی هەیە مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسكیل دەربهێنێت، بەڵام كێشە ئەوەیە كە ئەو كەسانەی ماتۆڕسكلی لێدەخوڕن لە 16 ساڵ زیاترن مۆڵەتی شۆفێریان نییە، دەتوانم بڵێم 99٪ی هاووڵاتییان لە هەرێم مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسكیلیان نییە“.

هاوكات گوتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو، كە ئەو ماتۆڕسكیلانەی لە شەقامەكانن نایاساین، ماوەی چوار ساڵە هەڵمەت بۆ دەستبەسەراگرتنیان دەستی پێ كردووە و بەردەوامی هەیە، تا ئێستا نزیكەی 6 هەزار ماتۆڕسكیل دەستی بەسەرداگیراوە، گوتیشی: ”نزیكەی حەوت ساڵە ڕێگە لە هاوردەكردنی ماتۆڕسكیل گیراوە، ئەو ماتۆڕانەی هەیە نایاساین“.

ڕوونیشی كردەوە، كە بە پێی كۆتا بڕیار لە كۆتا كۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ ئەو شوێنانەی كە ماتۆڕیان لێ دەفرۆشرێت نایاساین و لەمەودا شوێنەكان دادەخرێن، ئەم كارەش بۆ ئەوەیە هاووڵاتیی زەرەرمەند نەبێت و بازرگانەكان قازانج بكەن.

فازڵ حاجی لەبارەی كۆمپانیا و شوێنەكانی فرۆشتنی ماتۆڕسكیلەوە رایگەیاند: ”100٪ ئەو ماتۆڕسكیلانە نایاساین و با هاووڵاتییان نەیانكڕن، لەبەر ئەوەی ژمارەیان بۆ ناكرێ و دەستیشان بەسەردا دەگیرێت، ئەوانەشی ماتۆڕ دەكڕن كاغەزێكیان پێ دەدرێت بەناوی مەنەفێستەوە، ئەو كاغەزە مەنفێست نییە و ئەو نووسراوەی كە بەعەرەبی تێیدا نووسراوە (تایبەتمەندیە تەكنیكیەكانی ماتۆڕسكیل) و وێنەی ماتۆڕی لەسەرە، ئەوە خۆیان دروستیان كردووە و پەیوەندی بە مەنەفێستەوە نییە، ئێمە ناتوانین تۆماریان بكەین“.










باسنيوز
Top