چاوەڕوان دەکرێت نێچیرڤان بارزانی فەرمانی دەست بەکاربوونی جێگرەکانی دەربکات
جەلال محەمەد ئەمین، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی گۆڕان رايگەیاند، دوای دەست بەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکھێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چاوەڕوان دەکرێت مەرسومی ھەرێمی بۆ دیاریکردن و دانانی جێگرەکان و پۆستەکانی دیکە لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەربکرێت.
ڕوونیشی کردەوە: ”بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، جێگرەکانی سەرۆکی ھەرێم لەلایەن خودی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە دادەنرێن و نێچیرڤان بارزانیش دەسەڵات و کارەکانیان بۆ دیاری دەکات“.
بەپێ رێکەوتنی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دوو جێگری دەبێت، کە یەکێکیان لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە و مستەفا سەید قادر کاندیدە بۆ پۆستەکە، ئەوەی دیکەشیان لە پشکی یەکێتییە و شێخ جەعفەر شێخ مستەفای بۆ کاندید کراوە.
باسنيوز
