عەشیرەتە عەرەبییەکان هۆشداریی دەدەنە عەرەبەکانی کەرکووک
شێخ موزاحیم ئەلحوێت، گوتەبێژی ئەنجومەنی عەشیرەتە عەرەبییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا راگەیاندووە، ناڕەزایی خۆپیشاندەرە عەرەبەکانی کەرکووک ئامانج لێی دروستکردنی شەڕی عەرەب و کوردە.
شێخ موزاحیم ئەلحوێت هەروەها رایگەیاندووە، ئەو شێخە عەرەبانەی لەپێش خۆپیشاندانەکانەوە بوون، لە یەکەمەکان بوون کە پێشوازییان لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە مووسڵ و پارێزگا سوننەنشینەکانی دیکەی عێراق کرد.
ئەو شێخە عەرەبە پێی وایە کەسانی سەر بە داعش سەرپەرشتیی ئەو خۆپیشاندانانە دەکەن و داواشی لە عەرەبەکانی کەرکووک کرد لە کەسانی سەر بە داعش دوور بکەونەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە شاری کەرکووک شارێکی کوردستانییە سەرەڕای ناڕەزایی شۆڤینییەکان.
رۆژی هەینی ژمارەیەک عەرەبی حەویجە و کەرکووک لەبەردەم پارێزگای شارەکە خۆپیشاندانێکیان دژی رێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کورداتان بۆ دیاریکردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک، رێک خست.
لە خۆپیشاندانەکەدا، کە ژمارەیەک عەرەبی پارێزگاکانی دیکەش بەشدارییان تێدا کرد، خۆپیشاندەران بە ئاشکرا خۆیان بە بەعسی و داعش دەناساند.
باسنيوز
