مەسرور بارزانی داوا لە تورکیا دەکا هاووڵاتییانی هەرێم لە فڕۆکەخانەکان تووشی ئاستەنگ نەبن
لە دیدارەکەدا کە هاکان کەرەجای، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێریش ئامادەبوو، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و ئومێدی سەرکەوتنی بۆ کابینەی نوێ خواست و گوتی: “هیواداراین دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ، ببێتە دەستپێکی قۆناخێکی پڕ خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر گەشە بسەنێت”.
لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی شاندی میوانی کرد و گوتی: “هیوادارین پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا بەردەوام و بەهێزتر ببێت”.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی هەمەجۆرکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان دا، بە شێوەیەک کە بایەخ بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاریش بدرێت و داهاتی کوردستان تەنیا یەک سەرچاوە نەبێت. گوتیشی: “زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەستەبەر دەکەین”.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی دەربڕی کە لە ئەنجامی پێکدادانەکانی ناوچە سنوورییەکاندا خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی.
داواشی کرد، هەموو لایەک ڕێز لە سەروەریی هەرێمی کوردستان بگرن و نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها داواشی کرد ئاسانکاریی زیاتر بۆ گەشتکردنی هاووڵاتییانی هەردوولا بکرێت و لە فڕۆکەخانەکانی تورکیاش هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تووشی کێشە وئاستەنگ نەبن.
باسنيوز
