کاتی تەواوکردنی شەقامی 120 مەتریی هەولێر دیاری دەکرێت

 کاتی تەواوکردنی شەقامی 120 مەتریی هەولێر دیاری دەکرێت


کاتی تەواوکردنی شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر دیاری دەکرێت و زانیارییەکیش لەبارەی شەقامی 150 مەتری دەخرێتە روو.

سەرتیپ قادر، سەرپەرشتیاری ھەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتریی ھەولێر، ریگەیاندووە، کارکردن لە شەقامی 120 مەتری بەردەوامە و ئێستا دواقۆناغی شەقامەکە دروست دەکرێت، کە بریتییە لە نۆ کیلۆمەتر لەنێوان شەقامی هەولێر- کەرکووک و هەولێر- مووسڵ.

سەرتیپ قادر، کە لێدوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تا کۆتاییی ئەمساڵ (کۆتایی 2019) شەقامی 120 مەتری تەواو دەکرێت و جادەکە ھەمووی بە ڕووی شوفێراندا دەکرێتەوە.

سەرپەرشتیاری ئەو دوو شەقامە هەروەها رایگەیاندووە، کارەکانی دروستکردنی شەقامی 150 مەتریش بەردەوامە و لە یەکەم ھەنگاویشدا 14 کیلۆمەتر لەنێوان رێگای هەولێر- کۆیە بۆ رێگای هەولێر- بەحرکە، دروست دەکرێت.

شاری هەولێر ئێستا خاوەن چوار شەقامی بازنەیی فراوانە، کە بریتین لە شەقامەکانی 30 مەتری، 60 مەتری، 40 مەتری و 100 مەتری و دوای تەواوبوونی هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری، دەبێتە شەش شەقامی بازنەیی فراوان، کە بە دەوری هەولێردا دەسوڕێنەوە.








باسنيوز
Top