ئەیاد کاکەیی: مەسروور بارزانی پیاوی جێبەجێکردنی یاسایە لە کوردستان
ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی ھەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، ڕاگەیاند: "لە کابینەی ڕابردوودا بەھۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایییەوە ھەندێ پلانی حکوومەت جێبەجێ نەکران، بەڵام ئەمڕۆ ھەموو ئومێدێکمان بە مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ چاکسازی و جێبەجێکردنی یاسا لە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پرسی خانەنشینکردن چارەسەر بکرێت، چونکە بە سەدان کەس بە پلەی بەرز لەسەر میلاکی حکوومەت خانەنشین کراون بێ ئەوەی مافی خۆیان بێت، ھەروەھا ناکرێت ئەو ھەموو پاسەوانە لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت، کە بەداخەوە بەشێکیان بۆ فشارخستنە سەر خەڵک بەکار دەھێندرێن."
بەرپرسەکەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دەشڵێت: "سەرۆکوەزیران دوێنێ لە کاتی دەستبەکاربوونیدا زۆر جەختی لەسەر سەروەریی یاسا کردەوە و، ئێمەی پارێزەرانیش زۆر دڵخۆشین بەوەی مەسروور بارزانی کار بۆ جێبەجێکردنی یاسا بکات، چونکە ئێمە لە دادگاکانین و دەزانین چ دەگوزەرێت و چ غەدرێک ھەیە."
ئەیاد کاکەیی ئاماژە بۆ ئەوە کرد: "لە ھەرێمی کوردستان چەندین کار لە دەرەوەی یاسا دەکرێن و پێویستیان بە ڕێگری ھەیە و یەکێک لە ئامانجەکانی سەندیکای پارێزەرانی کوردستانیش پشتگیریی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و بەڵێن بە سەرۆکوەزیران دەدەین تەواوکەری کارەکانی بەڕێزیان بین بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی یاسا لە کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا، ھەر ئەوەش، لە سەرۆکوەزیران چاوەڕێ دەکەین بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان."
kdp -
