وهزارهتی کارەبا: پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەک لە ھەولێر سەرکەوتووانە بەڕێوە دەچێت
دوای تەرخانکردنی گوژمەی پێویست و جێبەحێکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا و پەسەندکردنی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، ئەو پرۆژەیە ڕێکارە یاسایییهكانی گرتووەتەبەر و دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
ئەندازیار حوسێن حەمەد، لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: "پڕۆژەی دانانی پێوەری زیرەک بۆ سەرجەم بەکاربەرانی وزەی کارەبا لە پارێزگای ھەولێر چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە لە ڕێگەی سیستەمێکی تازەی پێشکەوتووەوە پێوەری ھەر بەکاربەرێک بە سەنتەری ناوەندییەوە دەبەسترێتەوە."
ناوبراو دەڵێت: "ئەو پێوەرە لە ستوونی کارەبای گەڕەک و کۆڵانەکان ھەڵدەواسرێت، بۆیە ھاووڵاتی بەئاسانی ناتوانێت دەستکاری بکات، چونکە پێوەرەکە بەتەواوی داتا و زانیارییەکانی لە لایەن سەنتەری ناوەندییەوە کۆنترۆڵ کراوە و ههر بهكارهێنهرێك دەستکاری بکات، شەش ماڵ لە یەک کاتدا کارەبایان دەبڕێت، ئهوكات دهزانرێت كام بهكارهێنهر دهستكاریی پێوهرهكهی كردووه، چونكه له ھەر سندووقێکدا دوو تا شهش پێوەری زیرەک هەیە."
ئەندازیار حوسێن حەمەد ڕوونیشی كردهوه، كه بەھۆی ئەم پێوەرە زیرەکەوە ھەموو جۆرە سەرپێچی و زیادەڕۆییەک کە دەکرێتە سەر کەرتی کارەبا کۆنترۆڵ دەکرێت، جەختیشی لەوە کردەوە، بە کاتێکی کەم و بە شێوەیەکی دروست پێوەرەکان دەخوێندرێنەوە، چونکە پێشتر دەبووایە کارمەندان ھەموو ماڵێک و شوێنێک بگەڕێن کە ڕەنگە ژمارەکان بەھەڵە تۆمار كرابان.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر ئەوەیشی خستە ڕوو، کە لە چەند شوێنێکی ناوشاری ھەولێر، لەوانەش ناوچەی پیشەسازیی باشوور و تایەفرۆشان ئەو پێوەرە زیرەکە بەستراوە، ئێستاش کار لە گەڕەکی ڕاستی دەکرێت، لەمەودوواش کاتژمێرهکانی پێدانی کارەبا به پچڕپچڕی نامێنێ، جگە لە گەڕەکەکانیش بۆ سەرجەم دامودەزگا پیشەسازی و بازرگانییەکان و شوێنە گشتییەکانیش دادەنرێت.
حوسێن حەمەد پێیشی وایە، یەکێك لە سوودە گەورەکانی ئەو پڕۆژەیە، کۆنترۆڵکردنی بەکارھێنانی کارەبایە لە لایەن ھاووڵاتییانەوە، چونکە بە دانانی پێوەری زیرەکی کارەبا، بەشێکی زۆر لە کێشە و گرفتەکان چارەسەر دەبن، لە ھەمان کاتدا بڕی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد دەکات.
kdp -
