لە سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیر کرا کە لەڕێی فەیسبووکەوە فێڵی لە ئافرەتێک کردبوو
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/7/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "پاش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن ئافرەتێکەوە کە کەسێک لەرێی پەیجێکی فەیسبووکەوە خۆی وەک ئافرەت پێ ناساندووە و ژمارەیەکی مۆبایلی داوەتێ کە ژمارەی خۆی بووە و پێی گوتووە کە ئەمە ژمارەی مۆبایلی کەسێکی باشە و بەمەبەستی ھاوسەرگیریی پێی ناساندووە، کە ئەو کەسەش ھەمان تۆمەتبار خۆی بووە و بڕی چوار تا پێنج ملیۆن دیناری لێ سەندووە".
باس لەوەش کراوە: "لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی چوارچراوە زانیاریی ورد کۆ کرایەوە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێ کرد، توانرا تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت، ھەروەھا دەستگیرا بەسەر مۆبایلەکەیدا و دەرکەوت کە تۆمەتبارەکە خۆی سەرپەرشتیی ئەو پەیجەی کردووە".
پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشی کردووەتەوە، تۆمەتبار ناوی (ر، ک، م) لەدایکبووی ساڵی 1992ە، ئێستا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 2 لەیاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوە و لەلایەن بنکەی پۆلیسی چوارچراوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
باسنيوز
