كوردستان بە كارنامەی كابینەی نوێ دەچێتە قۆناخێكی دیكە

كوردستان بە كارنامەی كابینەی نوێ دەچێتە قۆناخێكی دیكە
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند: لایەنەكانی پێكھێنەری حكوومەت پێكەوە كارنامەمان نووسیوە، واتا بەرپرسیاریەتیەكی گشتییە، بۆیە جێبەجێكردنی ئەم كارنامەیە ھەرێمی كوردستان دەباتە قۆناخێكی دیكە.

گوتیشی: ئومێدێكی زۆرمان لای خەڵك دروستكردووە كە چاكسازی دەكرێت و گۆڕانكاریی روودەدات، تەنھا یەك رێگاشمان لەپێشە ئەویش چاكسازییە.

عەلی حەمە ساڵح، ئاشكرای كرد: بۆ یەكەمجار پەرلەمان متمانە بە دەستەی سندووقی داھاتی نەوت دەدات، مانگانە یان سێ مانگ جارێك داھاتی نەوت بۆ خەڵك ئاشكرا دەكرێت، ھەروەھا سەرقاڵی پڕۆژەیەكی دیكەین، كە داھاتەكانی مانگانەی نەوت و ئەو پشكەی لە بەغداوە دێت بخرێتەڕوو، تا نەگوترێت ئەو پارەی لە بەغدا دێت چی لێدێت؟، ھاوكات داھاتەكانی دیكە و خەرجییەكانی ئاشكرا دەكرێ.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا: بەم نزیكانە پڕۆژەی چاكسازی دێتە پەرلەمان و گفوگۆی لەبارەوە دەكرێت.

دوێنێ 10/7/2019 پەرلەمانی كوردستان متمانەی بە پێكھاتەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەخشی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە وتارێكدا ھێڵە گشتییەكانی كابینەی نوێ و كارنامەی چوار ساڵی داھاتووی حكوومەتی خستەڕوو، كە بەشێكی كارنامەكە جەختكردنەوەیە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی.








k24
Top