لە ئەنكەرا باس لە ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرێ
عەبدولقادر سەلفی رۆژنامەنووسی نزیك لە ئەردۆغان، لە وتاری ئەمڕۆیدا لە رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی، باس لە ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات.
سەلفی نووسیویەتی "ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی لە توركیا تا ٢٠٢٣ ئەنجام نەدرێت، توركیا تا چوار ساڵی تر قۆناخێكی بێ هەڵبژاردن بەڕێدەكات، بەڵام ئەگەر عەلی باباجان و ئەحمەد داودئۆغلو پارتێكی تازە دابمەزرێنن، ئەوكات هاوكێشەكان گۆڕانیان بەسەردا دێت".
ئەو پێیوایە، ئەگەر ئەو دوو پارتە تازەیە لە توركیا دروست بێت، ئەو كەسانەی دڵنیان هەڵبژاردنی پێشوەختە تا ٢٠٢٣ ئەنجام نادرێت، دەنگیان نزم دەبێتەوە و ئەو كەسانە دەنگیان بەرز دەبێتەوە كە باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن.
بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەگەر باباجان و داودئۆغلو پارتێكی تازە دابمەزرێنن، نزیكەی ٧٠ بۆ ٨٠ ئەندام پەرلەمانیان لەناو ئەكەپەدا لەگەڵدایە، بەمەش كورسییەكانی ئەكەپە لە ٢٩٤ەوە كەم دەبێتەوە و لەگەڵ هاوپەیمانەكەشی كە مەهەپەیە زۆرینە لە پەرلەمان لە دەست دەدەن.
ئێستە كورسیەكانی هاوپەیمانی (كۆماری) ٣٤٤ كورسیە و زۆرینەی پەرلەمانن، بەمەش پێگەی سەركۆماری توركیا بەهێز دەبێت، دەتوانێ بڕیارنامە و یاسا دەربكات، بەڵام ئەگەر ٨٠ كورسیان لێ ببێتەوە، ئەوكات زۆرینە لە دەست دەدەن و پێگەی سەركۆماریش لاواز دەبێت.
بۆیە ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە دێتە ئاراوە.
بە گوێرەی بۆچوونی زۆرێك لە شڕۆڤەكارانیش ئەمجارەیان رەنگی جیاواز دەێتە ناو یارییەكە و هەڵبژاردنێكی زۆر قورس بەڕێ دەكرێت.
ياسنيوز
