نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی کرد

نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی کرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت: ئێوە شایستەی ئەم بەرپرسیاريه‌تی و متمانەیەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/7/2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی، به‌ كه‌سێكی لێهاتوو و شایسته‌ و جێگه‌ی متمانه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌، وه‌سفی ده‌كات.

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا ڕاشیگەیاندووە، ئێوە شایستەی ئەم بەرپرسیاريه‌تی و متمانەیەن، دڵنیام ئەوپەڕی توانای خۆتان و تیمەكەتان دەخەنەگەڕ بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان، ئەزموونی چەند ساڵەی كاركردنمان بۆ پاراستن و پێشخستنی دۆزی گەلەكەمان و پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە زۆر قۆناغی هەستیار و سەختدا تێپەڕی، هیوادارم ئەو سەختیانە نەبینینەوە و هەموو تواناكان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان تەرخان بكەین.


سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: دڵنیام ئێوە لێهاتووانە، چالاك و كارا بەسەر گرفتەكاندا زاڵ دەبن، ورەی تیمەكەتان بەرامبەر تەحەددییەكان بەرز دەكەنەوە و ئەنجامی باش و خوازراو بەدەستدەهێنن.

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، گەلی كوردستان و بەڕێزتان و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەمه‌وه‌ كە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو‌پەڕی تواناوە پشتیوانی و هاوكاريی سەركەوتنی كاری ئێوە و كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەكەم.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

"به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى،

سەرۆ‌ك وەزیرانی هەرێمی كوردستان

سڵاو و ڕێز..

خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان متمانه‌ى دا به‌ به‌ڕێزتان وەك سەرۆ‌ك وەزیران و به‌ كابینەی نۆیەمى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. بەو بۆنەیەوە بەگەرمی پیرۆزباییتان لێدەكەم.

ئەمە دەستكەوتێكی دیكەی بەردەوامبوونی پرۆسەی گەشەپێدان و قووڵكردنەوەی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامی ویست و خۆڕاگری و هاوكاریی هاووڵاتیان و لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و دۆست و پشتیوانانی گەلەكەمان.

ئێوە شایستەی ئەم بەرپرسیاريه‌تی و متمانەیەن، دڵنیام ئەوپەڕی توانای خۆتان و تیمەكەتان دەخەنەگەڕ بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان. ئەزموونی چەند ساڵەی كاركردنمان بۆ پاراستن و پێشخستنی دۆزی گەلەكەمان و پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە زۆر قۆناغی هەستیار و سەختدا تێپەڕی، هیوادارم ئەو سەختیانە نەبینینەوە و هەموو تواناكان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان تەرخان بكەین.

دڵنیام ئێوە لێهاتووانە، چالاك و كارا بەسەر گرفتەكاندا زاڵ دەبن، ورەی تیمەكەتان بەرامبەر تەحەددییەكان بەرز دەكەنەوە و ئەنجامی باش و خوازراو بەدەستدەهێنن، هیچتان درێخی ناكەن لە ئەرك و جێبەجێكردنی كاری ڕۆژانە و درێژخایەن بۆ درێژەدان بە دابینكردنی ئارامی، ئاسایش، گەشەی ئابووری، كۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمی كوردستان.

گەلی كوردستان و بەڕێزتان و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەمه‌وه‌ كە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو‌پەڕی تواناوە پشتیوانی و هاوكاريی سەركەوتنی كاری ئێوە و كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەكەم.

سەركەوتنی ئێوە و جێگری سەرۆك وەزیران و تەواوی وەزیرەكان بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان، سەركەوتنی هەموومان و سەركەوتنی گەل و هەرێمی كوردستانە.

لەگەڵ ڕێزمدا..

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان












basnews
Top