ئەمرۆ نێچیرڤان بارزانی بە بانگھێشتی فەرمیی سەرۆكی فەڕەنسا، سەردانی پاریس دەكات

ئەمرۆ نێچیرڤان بارزانی بە بانگھێشتی فەرمیی سەرۆكی فەڕەنسا، سەردانی پاریس دەكات
ئەمرۆ چوار شەممە بەرێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بە بانگھێشتی فەرمیی سەرۆكی فەڕەنسا، سەردانی پاریس دەكات و لە كۆشكی ئێلیزێ لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا كۆدەبێتەوە و پاشان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و سەرۆكی شارەوانیی پاریس و پەرلەمانیش دیدار و كۆبوونەوە ئەنجام دەدات.

لە بارەی سەردانەکەی بەرێز نێچیرڤان بارزانی، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا رایگەیاند، بڕیارە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سەردانی فەڕەنسا بكات و ئەمرۆ لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا كۆببێتەوە، كە كۆمەڵێك تەوەر باس دەكرێن و ئەمەش لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە گرنگییەكی زۆری بۆ ھەرێمی كوردستان ھەیە.

نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، عەلی دۆڵەمەڕی، گوتی: سەردانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی فەڕەنسا، گرنگییەكی یەكجار زۆری بۆ ھەرێمی كوردستان ھەیە لە ھەموو بوارەكاندا، بە تایبەت لە بواری سیاسی و ئابووریدا و بڕیارە ئەمرۆ چوارشەممە كاتژمێر پێنجی ئێوارە، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا كۆببێتەوە و جگە لەوەش لەگەڵ وەزیری دەرەوە و پەرلەمان و سەرۆكی شارەوانییش كۆبوونەوە ئەنجام دەدات و كۆمەڵێك تەوەر لەو كۆبوونەوانەدا باس دەكرێن، لەوانە باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و فەڕەنسا.

بەرێز دۆڵەمەری گوتیشی، جگە لەوەی لە ڕووی سیاسییەوە گرنگیی زۆری ھەیە، ئەو سەردانە دەبێتە ھۆی ئەوەی كۆمپانیا فەڕەنسییەكان ھان بدرێن بۆ ئەوەی سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرھێنان، بۆیە ئەمە دەستپێكێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی فەڕەنسا لە ڕووی ئابووریشەوە ھاوكاریی ھەرێمی كوردستان بكات.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، فەڕەنسا یەكەم وڵات بووە كە گرنگیی بە ھەرێمی كوردستان داوە، بە تایبەت لە شەڕی داعش و یەكەم وڵاتیشە كە پێشوازی لە سەرۆكی نوێی ھەرێمی كوردستان دەكات، كە ئەمەش گرنگیی زۆری بۆ ھەرێمی كوردستان ھەیە.

بەرێز دۆڵەمەری گوتیشی: بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا سەرۆكی فەڕەنسا سەردانی عێراق و ھەرێمی كوردستان بكات.
Top