ڕێواز فایەق: سبەی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەبژێردرێت

 ڕێواز فایەق: سبەی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەبژێردرێت


کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە بڕیارە سبەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ ئەنجام بدرێت.



بەپێی ئەو ناوانەی کە لەلایەن نووسینگەی مەسرور بارزانی، ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیاندراوە، د. ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ پۆستی وەزیری هەرێم کاندید کراوە. بەو هۆیەشەوە بڕیارە دەست لە کاری پەرلەمانتاری بکێشێتەوە. لە بەرامبەریشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێواز فایەقی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کردووە.



لەمبارەیەوە کەمێک لەمەوبەر، رێواز فایەق لەنێو تەلاری پەرلەمانی کوردستانەوە ئاشکرای کرد کە سبەی پێنجشەممە ١١ی ٧ی ٢٠١٩ دانیشتنی پەرلەمان بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەروەها سوێندخواردنی ئەندامانی نوێی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە دەبن بە وەزیر، بەڕێوە بچێت.










باسنيوز
Top