ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتێکی میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بەدرۆ دەخاتەوە
لەو ڕاگەیاندراوەدا، ئاماژە بەوە دراوە: “لە چەند رۆژی ڕابردوودا، هەندێ میدیای نزیک لە پەکەکە، تۆمەتێکی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، کە گوایە لە کوشتنی سەرکردەیەکیان تێوەگڵاون، بەداخەوە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نێوخۆییش بۆ سوودی سیاسی پەرەیان بەم تۆمەتە بێبنەمایە داوە”.
ئەوەش ڕوون کراوەتەوە: “ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سەرلەبەری ئەم تۆمەتە ڕەتدەکەینەوە. وێڕای ئەمەش ئەم هەوڵە میدیاییە چەواشەکارانە ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە کە بوونی پەکەکە بەم شێوازەی ئێستایان لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی سەرەکییە، بۆ ڕاکێشانی شەڕ و نائارامی بۆ ناو هەرێم. چەندین ساڵەش رێگرن لە ئاوەدانکردنەوەی زیاتر لە هەشت سەد گوند و ئاوایی هەرێمی کوردستان. بەداخەوە بەم دواییانەش چەکدارانی پەکەکە خۆیان خستۆتە پەنای گوند و ئاواییەکانمان و بەم هۆیەشەوە هاووڵاتییانی سڤیلمان بوونەتە قوربانیی پێکدادانی نێوان پەکەکە و تورکیا”.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە کە کۆی سیستەمی ئیداریی هەرێم کە بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانی، دژی ئەم سیاسەتەی پەکەکەیە و خوازیارە کێشەکەیان بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیان و “ئەو ڕاستییە دەخەینەوە ڕوو کە کوردستانێکی ئازاد پێویستیی بە ئازادکردن نییە”.
لە کۆتاییشدا ئەنجومەنەکە ڕای گەیاندووە: “دەبێت هەموولایەک ڕێز لە سەروەریی هەرێم و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرن و ڕەچاوی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێم بکەن. هاوکات خوازیارین هەموو هێزەکانی ناوچەکە ڕێگەی ئاشتییانە و گفتوگۆ بگرنەبەر و کۆتایی بە خوێنڕشتن بهێنرێت”.
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:
ڕاگەیاندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
لە چەند رۆژی ڕابردوودا، هەندێ میدیای نزیک لە پەکەکە، تۆمەتێکی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، کە گوایە لە کوشتنی سەرکردەیەکیان تێوەگڵاون، بەداخەوە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نێوخۆییش بۆ سوودی سیاسی پەرەیان بەم تۆمەتە بێبنەمایە داوە.
ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سەرلەبەری ئەم تۆمەتە ڕەتدەکەینەوە. وێڕای ئەمەش ئەم هەوڵە میدیاییە چەواشەکارانە ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە، کە بوونی پەکەکە بەم شێوازەی ئێستایان لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکییە، بۆ ڕاکێشانی شەڕ و نائارامی بۆ ناو هەرێم. چەندین ساڵەش رێگرن لە ئاوەدانکردنەوەی زیاتر لە هەشت سەد گوند و ئاوایی هەرێمی کوردستان. بەداخەوە بەم دواییانەش چەکدارانی پەکەکە خۆیان خستۆتە پەنای گوند و ئاواییەکانمان و بەم هۆیەشەوە هاوڵاتیانی سڤیلمان بوونەتە قوربانیی پێکدادانی نێوان پەکەکە و تورکیا.
لێرەدا جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە کۆی سیستەمی ئیداریی هەرێم کە بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانی، دژی ئەم سیاسەتەی پەکەکەیە و خوازیارین کێشەکەیان بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیان و ئەو ڕاستییە دەخەینەوە ڕوو کە کوردستانێکی ئازاد پێویستیی بە ئازادکردن نیە.
دەبێت هەموولایەک ڕێز لە سەروەریی هەرێم و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرن و ڕەچاوی بەرژەوەندیی هاوڵاتیانی هەرێم بکەن. هاوکات خوازیارین هەموو هێزەکانی ناوچەکە ڕێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ بگرنەبەر و کۆتایی بە خوێنڕشتن بهێنرێت.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
٩/٧/٢٠١٩
باسنيوز
