قادر قاچاغ: پەکەکە خەڵکی سڤیلی شنگال وەک قەڵغان بۆ مانەوەی خۆیان بەکار دێنن
قادر قاچاغ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی رایگەیاند: "مەترسیی گەورە لەسەر شنگال ھەیە و پەکەکە ھێزی لەناو شارەکەیە و گرفتەکە وەک خۆی ماوەتەوە، تاکوو دێت دۆخی ناوچەکەش ئاڵۆزتر دەبێت و پەکەکە گوێ بە ئیدارەی ناوچەکە نادات و گرفتی بۆ ئیدارەی شنگال دروست کردووە".
ئەوەشی خستە ڕوو: "ھێشتا بەغدا لەبارەی ئەو مەترسییەوە ھەنگاوی جددی نەناوە و "ڕەنگە لە داھاتووش ئەم گرفتانە بچنە حاڵەتی مەترسییەوە، خۆ ئەگەر ئیدارەی شنگال بەو شێوەیە بمێنێتەوە، دواجار خەڵکی شنگال زەرەر دەکەن".
قادر قاچاخ، ئاماژەی بەوەش کرد: "هێشتا پەکەکە بارەگا و بازگەکانی لە شنگال زیاد دەکات و خەڵکی شارەکەش وەک قەڵغان بۆ مانەوەی خۆی بەکار دەهێنێت".
لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە بیانووی پەکەکە، هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی سنووری شنگال.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق لەبارەی بوونی چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەزای شنگال نووسراوێکی ئاراستەی حکوومەتی وڵاتەکەی کرد.
وەیس نایف، سەرۆکی ئەنجومەنی شارۆچکەی شنگال، لەمبارەوە پێشتر رایگەیاندبوو: "پەرلەمانی عێراق چەند رۆژێک پێش ئێستا نووسراوەکەی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە".
لە نووسراوەکەدا، پەرلەمانی عێراق داوای لە حکوومەت و سوپای وڵاتەکەی کردووە چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە شنگال دەربکات و ئارامیی بۆ خەڵکی ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.
باسنیوز
