عەلی دۆڵەمەری: پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا لە بەرزترین ئاستدایە

عەلی دۆڵەمەری: پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا لە بەرزترین ئاستدایە
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا ڕای دەگەیەنێت، تا ئێستا سەرۆك بارزانی پێنج جار لە كۆشكی ئیلیزێ پێشوازیی لێ كراوە، بۆ جاری دووەمە لە هەمان شوێن پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی دەكرێت و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا لە باشترین ئاستدان.

عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕايگەیاند: "پێشتر كۆشكی ئیلیزێ پێنج جار پێشوازی لە سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم كردووە، هەروەها ئەمە دووەم جارە پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی دەكات، دوای تێپەڕینی مانگێك بەسەر دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێی هەرێمی کوردستان دەرگای کۆشکی ئیلیزێ بەڕووی سەرۆكی هەرێمدا كراوەتەوە و پێشوازی لێ دەكرێت، پێشوازی لە نێچیرڤان بازانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگیی خۆی هەیە".

نوێنەرەكەی حكوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد: "بڕیارە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، سەرۆكی شارەوانیی پاریس و سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە كۆ ببێتەوە".

ڕوونیشی كردەوە ئامانج لەم دیدارانە گفتوگۆكردنە لەسەر سەقامگیریی عێراق، سووریا و ناوچەكە و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان دەبێت، چونكە كورد ڕۆڵێكی كاریگەری لە شەڕی داعش و هەماهەنگیی فەڕەنسا و هاوپەیماناندا هەبووە، بۆیە ئەوان نایانەوێ لەبیری بكەن، دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەڕووی ئابووری، فەرهەنگی، ڕۆشنبیر و كولتورییەوە لەگەڵ کوردستان پەرە پێ بدەن".

دۆڵەمەری جەختیشی كردەوە: "ئێستا پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فەڕەنسا لە بەرزترین ئاستدایە، پێشتر دوو جار سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا هاتووەتە هەرێمی کوردستان، كۆتایی ئەمساڵیش سەرۆك ماكرۆن سەردانی هەرێم دەكات، ئەو گرنگییەی كە حكوومەتی فەڕەنسا و حكوومەتی وڵاتانی دیكە بە هەرێمی كوردستانی دەدەن بۆ هیچ هەرێمێكی دیكە بەم چەشنە نییە، وەك وڵاتێك مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكرێت نەك هەرێمێك".










باسنيوز
Top