پەکەکە کوژرانی سەرکردە باڵاکەی بۆ لەناوبردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەقۆزێتەوە
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەڕەشەی دەست پێکردنی هەڵمەتێکی گەورەی لەناوبردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەگەر هەیە سەرجەم ئەو کەسانەی کە بە سیاسەتی ئەوان ڕازی نین، تۆمەتی سیخوڕیکردنیان بداتە پاڵ.
ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی ٧ی ٢٠١٩، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ڕێگەی میدیاکانی حزبەکەیەوە، هەڕەشەی دەست پێکردنی هەڵمەتێکی گەورەی لەناوبردنی خەڵکی لە هەرێمی کوردستان دەکات و ئاشکراشی دەکات کە ئەمجارە هەڵمەتەکەیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن ئەنجام دەدەن.
قەرەسوو داوای لە لایەنگرانی حزبەکەی کردووە کە ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە ئۆپۆزسیۆنی سیاسەتی پەکەکەن و ئەو ناوی ناون (سیخوڕ) و داواشی کردووە: ”با کەس دوایی گلەییمان لێنەکات کە بۆ وابوو“.
چاودێران پێیانوایە کە ئەم تۆمەتی سیخوڕییەی پەکەکە بە نیازە بیکاتە بیانوو بۆ کوشتنی خەڵکی، ئەگەر هەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن حزبەکەوە بۆ لەناوبردنی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی پەکەکە بەکار بهێندرێت و تەنانەت لەنێو خودی حزبەکەشدا کەسانی نەتەوەیی نێو پەکەکە بکرێنە ئامانج.
پێشتریش شەوقی کانەبی، ڕۆژنامەنووس، لە وتارێکدا پرسیاری ئەوەی کردبوو کە ئاخۆ هۆکار چییە سەرجەم باشوورییەکانی نێو پەکەکە، یان دەکوژرێن، یانیش هەڵدێن و ڕیزەکانی ئەو حزبە جێدەهێڵن؟
باسنیوز
