لە ئێران و لە شەش مانگدا 19 هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە هاووڵاتیەکی کورد لە گرتووخانەی مەهاباد لە پێش چاوی بەندکراوانی دیکە لەسێدارە دراوە.
بەپێی هەواڵی ڕێكخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 2019.7.9 دەزگای دادوەریی ئێران حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوی "وەیسە عەلیپوور" لەناو گرتووخانەی ئەو شارە و لە پێش چاوی بەندکراوانەوە جێبەجێ کردووە.
بە گوتەی هەمان سەرچاوە وەیسە عەلیپوور خەڵکی ناوچەی "شامات"ی مەهاباد بووە و بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
وەیسە عەلیپوور چوار ساڵ پێش ئێستا بەهۆی کیشە لەسەر ماڵ و موڵک، هاووڵاتییەکی دیکەی کوشتووە و دواتر دەستگیر کراوە.
سەرچاوە خۆجێیەکان ئاشکرایان کردووە ئەو بەندکراوە کوردە لە حەوشەی بەندیخانە و لە پێش چاوی بەندکراوانی دیکە لەسێدارە دراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی (هەنگاو)، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ زایینییەوە، واتە لە ماوەی ٦ مانگدا، لانیکەم ١٩ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە سەرجەمیان بەهۆی قەتڵ و کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.
باسنيوز
