ئەمریكا بە بەهای 2.2 ملیار دۆلار چەكی قورس بە تایوان دەفرۆشێت

ئەمریكا بە بەهای 2.2 ملیار دۆلار چەكی قورس بە تایوان دەفرۆشێت
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی بە بەهای 2.2 ملیار دۆلار فرۆشتنی چەكی قورسی بە تایوان پەسەندكرد.

وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی فرۆشتنی تانك و زرێپۆش و موشەكی بە تایوان پەسەند كردوە كە نرخەكەی دەكاتە 2.2 ملیار دۆلاری ئەمریكی.

ئەو چەكانەی كە ئەمریکا بە تایوانی دەفرۆشێت بریتییە لە 108 تانكی جێنێرال داینامیكس و 250 موشەكی ستینگەر


لە راگەیەندراوێكی ئاژانسی وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا هاتوە، "ئەو چەكانەی كە ئەو وڵاتە بە تایوانی دەفرۆشێت بریتییە لە 108 تانكی جێنێرال داینامیكس و 250 موشەكی ستینگەر"، كە بەپێی ناوەڕۆك و زانیاریەكان ئەو چەكانە هاوسەنگی سەربازی بنەرەتی ناوچەكە ناگۆڕێت.

بە تەواوی نیگەرانین لە ئەگەرەكانی فرۆشتنی چەك بە تایوان


مانگی رابردو، ئاژانسی وەزارەتی دەرەوەی چین سەبارەت بە راپۆرتەكانی تایبەت بە رێككەوتنی مامەڵەی چەك لەنێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان و هەرێمی تایوان رایگەیاند، "بە تەواوی نیگەرانین لە ئەگەرەكانی فرۆشتنی چەك بە تایوان"، داوای لە ویلایەتە یەكگرتوەكانیش كرد زیان بە پەویەندیەكانی ئەمریكا-چین نەگەیەنێت.

لە ئێستادا گرژیی و ئاڵۆزیەكانی نێوان هەریەك لە چین و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەهۆی چەند دۆسیەیەكی ستراتیجی تایبەت بە ناوچەی كێشە لەسەری دەریای چینی باشور كە دەكەوێتە نێوان چین و ئەو وڵاتە لە زیادبوندایە و جەنگی بازرگانی نێوان چین- ئەمریكا بەردەوامی هەیە.

حكومەتی چین دورگەی تایوان بە هەرێمێكی دابڕاو لە خاكەكەی خۆی دادەنێت


حكومەتی چین دورگەی تایوان بە هەرێمێكی دابڕاو لە خاكەكەی خۆی دادەنێت و بەپێی لێداونی بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە، ئەگەر پێویست بكات بە بەكارهێنانی هێز كۆنترۆڵی دەكەن.

حكومەتی واشنتن لە ئێستادا هیچ پەیوەندیەكی راستەوخۆی لەگەڵ تایوان نیە، بەڵام بە یەكێك لە پشتیوانە گرنگە نێودەوڵەتیەكانی ئەو دورگەیە دادەنرێت و سەرچاوەی سەرەكیە بۆ چەكی ئەو ناوچەیە.







خەندان-
Top