دەرماڵەیەک بۆ فەرمانبەران خەرج دەکرێتەوە

 دەرماڵەیەک بۆ فەرمانبەران خەرج دەکرێتەوە
ماوەیەکە لە بەشێکی فەرمانگەکان دەرماڵەی جوگرافی لە فەرمانبەران بڕدراوە و بۆیان خەرج ناکرێت.



سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی راگەیاند: «ھەر فەرمانگەیەک ئۆتۆمبێلی بۆ ھاتوچۆی فەرمانبەران ھەبێت، ئەوە دەرماڵەی بۆ خەرج ناکرێت، ئەوانەشی دەرماڵەکەیان لێ بڕاوە بەم ھۆکارە بووە».



روونیشی کردەوە، لە ھەندێک فەرمانگە بەھۆی ھەڵەی ژمێریاران بڕدراوە، ئەوانە دەتوانن راستەوخۆ لە گەنجینەکان وەربگرنەوە و فەرمانبەرانیش قەرەبوو دەکرێنەوە.



بۆ دەرماڵەی جوگرافی، مانگانە ٦٠ ھەزار دینار بۆ ئەو کەسانە خەرج دەکرێت، کە لە شوێنە زۆر دوورەکان کار دەکەن، ٥٠ ھەزار دیناریش بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە، کە لە لادێکان کار دەکەن و ٤٠ ھەزار دینار بۆ ئەوانەیە کە لە سەنتەری ناحیەکان کار دەکەن، ٣٠ ھەزار دیناریش بۆ ئەوانەی لە سەنتەری قەزاکان کار دەکەن، ٢٠ ھەزار دیناریش بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە کە لەنێو شارەکان کار دەکەن.



وەزارەتی دارایی رێنمایی ژمارەی (١٠)ی لە ١٧ی٣ی ٢٠١٣ دەرکردووە و بۆ گشت وەزارەت ‌و فەرمانگەکانی ناردووە و کۆپییەکی ئەو رێنماییەش دەست (باس) کەوتووە، ئەوەی تێدا خراوەتە روو، ئەو فەرمانگانەی کە لەلایەن حکوومەتەوە ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەیان دابین کراوە، یاخود ئۆتۆمبێلی کرێیان بۆ گیراوە، دەرماڵەی شوێنی جوگرافییان لێ دەبڕدرێت، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرکی خۆی ھاتوچۆ بکات، دەرماڵەکەی بۆ خەرج دەکرێت.



وەزارەتی دارایی، لە ٣ی ٢ی ٢٠١٩ دووپاتی کردووەتەوە، بە مەبەستی خەرجکردنی دەرماڵەی شوێنی جوگرافی، کار بە ڕێنمایی ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠١٣ بکرێت، کە ھەر فەرمانگەیەک ئۆتۆمبێلی بۆ بەکرێ گیراوە، یان ئۆتۆمبێلی میرییان ھەیە بۆ گواستنەوەی فەرمانبەرانیان، دەرماڵەی شوێنی جوگرافی بۆ ھیچ فەرمانبەرێک نابێت خەرج بکرێت.



عوسمان ساڵح، بەڕێوەبەری گەنجینەی ھەرێم لە لێدوانێکدا ئەوەی راگەیاند، بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی جوگرافی رێنمایی ھەیە و بەپێی رێنمایی خەرج دەکرێت، گوتیشی: «ئەو فەرمانبەرانەی بە ئۆتۆمبێلی حکوومی ھاتوچۆ دەکەن، یان ئۆتۆمبێلیان بۆ بەکرێ گیراوە، دەرماڵەکەیان بۆ خەرج ناکرێت، ئەوانەی بە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆیان، یان لەسەر ئەرکی خۆیان ھاتوچۆ دەکەن، بۆیان خەرج دەکرێت».



روونی کردەوە، ھەر رێنماییەک لایەن وەزارەتی دارایی دەرکرابێت، گەنجینەکانیش ئەو رێنماییە وەکوو خۆی جێبەجێ بکەن، گوتی: «ئەگەر ژمێریاریی وەزارەتێک یان فەرمانگەیەک بە ھەڵە دەرماڵەی جوگرافیی بڕیبێـت، ئەوە دەبێت ئەو فەرمانبەرانە قەرەبوو بکرێنەوە».






باسنيوز
Top