گرووپێکی سەر بە پەکەکە کارگەیەکیان سووتاند، چونكە خاوەنی کارگەکە ئامادە نەبووە سەرانە بەو گرووپە بدات

گرووپێکی سەر بە پەکەکە کارگەیەکیان سووتاند،  چونكە خاوەنی کارگەکە ئامادە نەبووە سەرانە بەو گرووپە بدات


بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان لە مەریوان، شەوی ڕابردوو دوای ئەوەی خاوەنی کارگەیەک لە مەریوان خۆی لە پێدانی ٤٠٠ میلیۆن تومەن بە گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) بواردووە کە یەکێکە لە گرووپەکانی سەر بە پەکەکە، گەریلاکانی ئەو پارتە ئاگریان لە کارگەکەیان بەر داوە.



بەپێی چەند تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە لە چەند کەسێکەوە لە مەریوان ، کارگەیەکی تایبەت بە کشتوکاڵ و ڕاکێشانی بۆڕیی ئاودێری بۆ سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، پاش ئەوەی خاوەنەکەی ئامادە نەبووە بڕی ٤٠٠ ملیۆن تومەن بە پژاک بدات، لەلایەن گەریلاکانی پژاکەوە ئاگری تێبەر دراوە و سووتێندراوە. هاوکات لەنێو خەڵکیشدا دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە کە گوایە کارگەیەکی حکوومەتی ئێرانە و ئەوان بۆ زیانگەیاندن بە کۆماری ئیسلامی ئەم کارەیان کردووە، بەڵام لە بنەڕەتدا کارگەکە کەرتی تایبەتە و جگە لە خاوەنەکەی، چەندان کەس کاریان تێیدا کردووە.



زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە زیانەکانی کارگەکە بە بەهای نزیکەی ملیارێک تومەن بووە و زیانیشی بە سرووشت و ژینگەی دەوروبەری کارگەکە گەیاندووە.



ئەمە لە کاتێکدایە کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر هەر لە مەریلان، گەریلاکانی ئەو گرووپەی سەر بە پەکەکە، گەنجێکی خەڵکی مەریوانیان گوللەباران کرد کە پێشتر لە ڕیزەکانی خۆیاندا کاری کردووە و چەند ساڵێکە گەڕاوەتەوە نێو کەسوکارەکەی.



چاودێران وای دەبینن کە پەکەکە و گرووپەکانی پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا جموجۆڵیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی ئاسایی هەیە، تەنانەت پێشتر لە چاوپێکەوتنێکیدا ، عوسمان ئۆجەلان، سەرکردەی پێشووی پەکەکە و برای عەبدوڵا ئۆجەلان ڕای گەیاندبوو کە ئەگەر هەیە لە هەر بارودۆخ و گۆڕانکارییەکدا لە ناوچەکە، هەمان ئەو سیناریۆیەی ڕژێمی سووریا لە ڕۆژئاوای کوردستان کردی و ناوچەکانی رادەستی گرووپەکانی پەکەکە کرد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەلایەن ئێرانەوە دووبارە ببێتەوە.















باسنيوز
Top