سبەی یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر ڕاگەیاندبوو: كارەكانمان لەم دووهەفتەیەدا بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی حەج بەبێ كێشە چڕ كردووەتەوە، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو كە لێژنەیەك لە هەرێمەوە بۆ بەغدا دەچوو و لەوێشەوە بۆ ئوردن بۆ لێدانی ڤیزە، ئەمساڵ بە هەوڵی وەزارەتی ئەوقاف و دەستەی باڵای حەجی عێراق ڤیزە لە هەولێر لێ دەدرێت، پێشتر ئەگەر كێشەی پاسپۆرت بۆ كەسێك دروست ببوایە, ئەوا نەدەتوانرا لە ئوردنەوە بگەڕێندرێتەوە، بەڵام ئێستا ئەگەر كێشەیەك دروست ببێت، لە هەولێر چارەسەر دەكرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاشكراشی كرد: "یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی 2019.7.10 دەبێت و هەتا تا ١٥\٧\٢٠١٩ گەشتەکان بۆ سعودییە بەردەوامە".
ڕوونیشی كردەوە: "ئەمساڵ زیاتر لە حەوت هەزار حاجی گەشت بۆ سعودییە دەكەن و شەش هەزار و ٢٠٠ حاجی بە حەجی ئاسایی دەڕۆن، بەڵام ٨٠٢ حاجی بە بڕی شەش هەزار و ٣٠٠ دۆلار گەشت دەكەن و گوتیشی "مەرجە ئەو كەسەی لە هەرێمەوە حەج دەكات نفووسی هەرێم بێت، چونكە ئەو پشكە پشكی هەرێمی كوردستانە بۆ حەج".
بەپێی زانیارییەکان یەکەم گەشتی کاروانی حاجیانی کوردستان بۆ سعوودیە لە فڕۆکەخانەی ھەولێرەوە کاتژمێر 3:30 خولەک دەبێت کە ٣٧٦ حاجی بەرەو شاری مەدینە لە سعوودیە بەڕێ دەکەون و هەمان ڕۆژ کاتژمێر 08:11 خولەکی شەو لە فڕۆکەخانەی سلێمانی، ١٨٨ حاجی بەرەو مەدینە بەڕێ دەکەون".
باسنیوز
