سبەی متمانە بە کابینەی مەسرور بارزانی دەدرێت
چاودێرانی سیاسی، بەھۆی بەشداریی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەتی (پارتی و یەکێتی و گۆڕان)، کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانیان بەدەستەوەیە، پێشبینیان وایە چوار ساڵی داھاتوو، حکوومەتێکی بەھێز و ئۆپۆزسیۆنێکی لاواز بوونی دەبێت.
دوێنێ دووشەممە، نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا، ناوی ئەندامانی پێکھاتەی کابینەی نوێی ئاشکرا کرد و سی ڤیی کاندیدەکانی رادەستی پەرلەمانی کوردستان کرد، کە تیایدا سێ ئافرەت، (د.ڤاڵا فەرید)، بۆ پۆستی وەزیری ھەرێم و (بێگەرد تاڵەبانی) بۆ پۆستی وەزیری کشتوکاڵ و (کوێستان محەمەد) بۆ پۆستی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، کاندید کراون.
ھەروەھا پۆستە وەزارییەکان ژمارەیەک گەنج و پێکھاتە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستانیشی تێدا جێ کراوەتەوە، کە پێشتر لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیش (مونا قەھوەچی)، وەکوو سکرتێری پەرلەمان لە پێکھاتەی تورکمان پۆستی پێ دراوە و لە پێکھاتەی حکوومەتیشدا، ھەر یەک لە (ئایدن مەعروف)، لە پێکھاتەی تورکمان بۆ وەزیری ھەرێم و (ئانو جەوھەر عەبدولمەسیح عەبدوکا) لە پێکھاتەی مەسیحییەکان، بۆ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن کاندید کراون.
نووسینگەی مەسرور بارزانی، لە راگەیەنراوەکەیدا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە تەواوی پێکھاتەی کابینەی نۆیەم، کە ١٩ وەزیر و ٣ وەزیری ھەرێمن، تەنیا ناوی وەزیری سامانە سروشتییەکان رەوانەی پەرلەمان نەکراوە و ئەم پۆستەش لە داھاتوویەکی نزیکدا پڕ دەکرێتەوە.
کە بەپێی زانیارییەکانی (باس) تاوەکوو دانانی وەزیرێک بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە رووی یاساییەوە ئەو وەزارەتە سیادییە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێت.
پەرلەمانتاری پارتی، بژار کۆچەر، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، بەرنامەی کاری پەرلەمان بۆ رۆژی چوارشەممە، متمانەدان دەبێت بە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە پێکھاتەکەی پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بە فەرمی کراوە، رۆژی دواتریش بەپێی رێککەوتنی سیاسی، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت بە یەکێتی، کە بەپێی راگەیەنراوە فەرمییەکان، (د.رێواز فایەق) بۆ ئەو پۆستە کاندید کراوە و (د. ڤالا فەرید) کاندیدە بۆ پۆستی وەزیری ھەرێم.
لای خۆشیانەوە، سیاسەتوان، دیندار نەجمان دۆسکی، بۆ (باس) رای گەیاند، پێکھاتەی حکوومەت و سەرۆکی حکوومەت، کە کەسایەتییەکی بەھێزی ھەیە و پێشتر ئەزموونی سەرکەوتووی لە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ھەبووە و ھاوکات کوڕی (سەرۆک بارزانی)یە، لەلایەکی دیکەشەوە، بەشداریی زۆرینەی لایەنەکان لە پێکھێنانی حکوومەت، بەتایبەتی (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) و پێکھاتەکان، کە ژمارەی کورسییەکانیان زۆرینەی رەھای پەرلەمانە، ئەو پێشبینییەمان پێ دەدات، کە لە چوار ساڵی داھاتوودا حکوومەتێکی بەھێز و ئۆپۆزسیۆنێکی لاواز بوونی ھەبێت، گوتی: “کێشەی ئۆپۆزسیۆن ھەر ئەوە نییە، کە ژمارەی کورسییەکانی کەمە و ٢٠ کورسییەک دەبێت، بەڵکوو لەگەڵ یەکتریش کۆک نین و بەرەیەکی ھاوبەشیان نییە، لەناوخۆشدا دابەشکاری و ئاراستەی جیاوازیان ھەیە، لەبەر ئەوە پێشبینی وایە، ئەم کابینەیە بەھێز و ئۆپۆزسیۆنێکی لاوازی ھەبێت، کە لە دۆخێکدا ھێزە دەسەڵاتدارەکان دەتوانن ھەر پڕۆژەیەکی بیانەوێ، بەبێ ھیچ گرفتێک تێ بپەڕێنن”.
پێوەند بەم پرسە نیعمەت عەبدوڵا، سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان، بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پێکھاتەی حکوومەت گرنگیی خۆی ھەیە، بەڵام گرنگتر لەوە بەرنامەی حکوومەتە بۆ چوار ساڵی داھاتوو و لەسەر جێبەجێکردنەکەی وەستاوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، سەبارەت بە بوونی ئافرەتان و پێکھاتەکانی دیکە لە پێکھاتەی ئەو حکوومەتە نوێیەی، کە وا بڕیارە سبەی چوارشەممە لە پەرلەمانی کوردستان متمانەیان پێ بدرێت، پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، ھێنانە پێشەوەی ئافرەتان بەو ژمارەیە لەو کابینە نوێیەدا، جێگەی خۆشحاڵیی زۆری چالاکوانانی بواری ئافرەتان و کۆمەڵگە و خەڵکی کوردستانە، چونکە ئەوە ھەنگاوێکی گەورەیە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستانی زیاتر بەرەو مافەکانی ژنان و ئافرەتان و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا بکرێتەوە، جگە لەوەش، ئەو ھەنگاوە دەنگدانەوەی گەورەی لەدەرەوەی کوردستاندا دەبێت، گوتیشی: “ھیوادارم ئەو ئافرەتانەی پۆستی باڵایان پێ دەدرێت، شوێنی خۆیان لە ناوەندەکانی بڕیاردا بکەنەوە و ئافرەتانە بۆ مافەکانی خەڵکی کوردستان و ئافرەتان بیر بکەنەوە”.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەو ھەنگاوەی نراوە بۆ ھێنانەپێشەوەی ژنان لە ناوەندەکانی دەرەوە و وڵاتان و دیپلۆماتکاران، بە ھەنگاوی گەورە و ئەرێنی سەیر دەکرێت، چونکە بەراورد بە ناوچەکە، ھەرێمی کوردستان بەخێرایی ھەنگاوی باشی لە بواری مافەکانی ئافرەتان و ھێنانەپێشەوەیان و مافی پێکھاتەکان و شوێنکردنەوەیان لە ناوەندی بڕیاری کوردستاندا ناوە.
لای خۆشیانەوە، گوڵستان سەعید، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، ھێنانەپێشەوەی سێ ئافرەت لەم کابینەیەدا، بە ھەنگاوێکی ئەرێنی و باش دادەنێن و ھیوادارن ئەو ھەنگاوە تەنیا لەو پۆستە باڵایانەدا نەمێنێتەوە و شۆڕ بێتەوە بۆ پۆستەکانی بەڕێوبەرە گشتی و راوێژکار و شوێنە دیپلۆماسییەکانی دەرەوە و ناوخۆی کوردستان، گوتی: “ساڵانێکی زۆرە فشاری رێکخراوەکانی ئافرەتان و ژنان و کۆمەڵەکان و کۆمەڵگا بەگشتی لەسەر ناوەندە باڵاکان، بە ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەوە ھەیە، کە پێویستە ئافرەتان مافی خۆیان پێ بدرێت و بە رێژەی ٣٠٪ بێنە پێشەوە، ئەوەی کرا پێشتر لە پەرلەمان، ئەوەی ئێستاش لە حکوومەت، ھەنگاوی باش و ئەرێنییە، بەڵام نابێت لێرەدا بوەستین، بەڵکوو دەبێت ھەوڵ بدرێت ئافرەتان لە ھەموو دامەزراوەکاندا رۆڵی راستەقینەی خۆیان پێ بدرێت”
ئەمەی خوارەوەش کۆی پێکھاتەی کابینەی پێشنیارکراوی مەسرور بارزانی، راسپێردراوی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە:
١. مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی، بۆ سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
٢. قوباد جەلال حسامەدین تاڵەبانی، بۆ جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
٣. فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵا، بۆ وەزیری داد.
٤. شۆڕش ئیسماعیل عەبدوڵا، بۆ وەزیری کاروباری پێشمەرگە.
٥. رێبەر ئەحمەد خالید، بۆ وەزیری ناوخۆ.
٦. ئاوات جەناب نووری ساڵح، بۆ وەزیری دارایی و ئابووری.
٧. د. سامان حوسێن محەمەد بەرزنجی، بۆ وەزیری تەندروستی.
٨. ئالان حەمەسەعید ساڵح محەمەد، بۆ وەزیری پەروەردە.
٩. دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح عەبدولڕەحمان، بۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.
١٠. ساسان عوسمان عەونی حەبیب، بۆ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
١١. د. ئارام محەمەد قادر ئەمین، بۆ وەزیری خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
١٢. د. دارا رەشید مەحمود، بۆ وەزیری پلاندانان.
١٣. کوێستان محەمەد عەبدوڵا مەعرووف، بۆ وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی.
١٤. محەمەد سەعید عەلی، بۆ وەزیری رۆشنبیری و لاوان.
١٥. عەبدوڵا مەحمود محەمەد سان ئەحمەد، بۆ وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوان.
١٦. بێگەرد دڵشاد شوکرەڵا، بۆ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
١٧. کەمال موسلیم سەعید قەرەنی، بۆ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی.
١٨. ئانو جەوھەر عەبدولمەسیح عەبدوکا، بۆ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن.
١٩. پشتیوان سادق عەبدوڵا، بۆ وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی.
٢٠. کەمال محەمەد ساڵح خەلیل، بۆ وەزیری کارەبا.
٢١. خالید سەلام سەعید، بۆ وەزیری ھەرێم.
٢٢. ئایدن مەعرووف سەلیم، بۆ وەزیری ھەرێم.
٢٣. ڤالا فەرید ئیبراھیم، بۆ وەزیری ھەرێم.
باسنیوز
