چوار پەرلەمانتاری نوێ سوێندی یاسایی دەخۆن
دوای کاندیدبوونی چوار پەرلەمانتار بۆ وەزارەتەکانی کابینەی نوێ، چوار کاندی حزبەکان دەست وەک پەرلەمانتار بەکار دەبن و سوێندی یاسایی دەخۆن.
بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، نابێت ئەو کەسەی پەرلەمانتارە لە دامودەزگاکانی حکوومەت ھیچ پۆستێکی دیکەی ھەبێت.
بەپێ زانیارییەکانی باسنیوز، رۆژی پێنجشەممە 11-7-2019، لەگەڵ دەست بەکاربوونی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، چوار کاندید سوێندی یاسایی دەخۆن و دەبنە پەرلەمانتار.
رۆژی دووشەممە 8-7-2019، نووسینگەی مەسرور بارزانی، راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ناوی کاندیدانی وەزارەتەکانی کابینەی نوێی ناردە پەرلەمان، کە ناوی چوار پەرلەمانتاریشی تێدایە و بریتین لە؛
- ڤاڵا فەرید، سەرۆکی ئێستای پەرلەمان بۆ وەزیری هەرێم.
- بێگەرد تاڵەبانی بۆ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
- عەبدوڵڵای حاجی مەحمود بۆ وەزیری کاروباری شەهیدان.
- ئایدن مەعروف بۆ وەزیری هەرێم.
پەرلەمانتارە نوێیەکان لە چوار فراکسیۆنی جیاوازن، کە بریتین لە؛
- لەنجە دزەیی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شوێنی ڤاڵا فەرید دەبێتە پەرلەمانتار.
- شیرین یونس، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شوێنی بێگەرد تاڵەبانی دەبێتە پەرلەمانتار.
- باپیر کامەلا، کاندیدی لیستی سەردەم لە شوێنی عەبدوڵڵای حاجی مەحمود دەبێتە پەرلەمانتار.
- سەباح بیلال، کاندیدی بەرەی تورکمانی لە شوێنی ئایدن مەعروف دەبێتە پەرلەمانتار.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 10-7-2019، پەرلەمانی کوردستان کۆ ببێتەوە بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی ئەو کابینەیە دەکات.
باسنیوز
