لە کابینەی نوێدا کۆمەڵێک پۆست بە کوردانی ئێزدی دەدرێت
مەحما خەلیل ، قایمقامی قەزای شنگال، گوتی: "بڕیار دراوە لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک پۆستی ڕاوێژکار و بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی بدرێتە کوردانی ئێزدی و پارتی دیموکراتی کوردستان حیسابی بۆ کوردانی ئێزدی کردووە و لە کابینەی نوێدا بێبەشی نەکردوون."
مەحما خەلیل گوتیشی: "ھەرکاتێک کابینەی نوێ پێک ھات، پۆستەکانیش دەدرێنە کوردانی ئێزدی و کاندیدیشیان بۆ دیاری دەکرێت."
خەلیل باسی لەوەش کرد: "ڕاستە کە باس لەوە دەکرێت من کاندید کراوم بۆ پۆستی ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان و پارتی من بۆ ھەر پۆستێک دیاری بکات، بە شانازییەوە قبووڵی دەکەم."
جگە لەوەش، شێخ شامۆ بۆ پۆستی ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی دیاری کراوە.
kdp -
