لە پەرلەمانی عێراق ھەوڵێک بۆ بڕینی شایستە دارایییەکانی ھەرێم شکستی ھێنا

 لە پەرلەمانی عێراق ھەوڵێک بۆ بڕینی شایستە دارایییەکانی ھەرێم شکستی ھێنا
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەمڕۆ ھەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق کرا و لەو بڕگەیەی باسی پلە تایبەتەکان دەکرا، ماوەکەیان بۆ دوو مانگی دیکە بۆ درێژ کرایەوە و ھەوڵ درا بڕینی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانیش بخرێتە بەرنامەی کارەوە، بەڵام دەنگی پێویستی نەھێنا و شکستی ھێنا.

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا یاسای بودجە، بڕگەی تایبەت بە پلە تایبەتەکان ھەموار کرایەوە و ماوەیان بۆ دوو مانگی دیکە بۆ درێژ کرایەوە، چونکە ٣٠/٦ دوواین وادەی کارکردنیان بووە، ئەمەش بۆ ئەوەی لایەنەکان لەو ماوەیەدا لەسەر ئەو پۆستانە بگەنە ڕێککەوتن."

د. ڤیان سەبری گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر داوای پەرلەمانتارێک داوا کرا کە بڕینی شایستە دارایییەکانی ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێت بۆ بەرنامەی کار و ئەو داوایە خرایە دەنگدان و لە کۆی ٢٠٨ دەنگ تەنیا ٤٩ دەنگی بەدەست ھێنا، بۆیە ئەو ھەوڵەی درا بۆ بڕینی شایستە دارایییەکانی ھەرێم شکستی ھێنا و سەرکەوتوو نەبوو."

kdp -
Top