رۆژنامەنووسێک: هیوادارم کوژرانی دیار غەریب تەسفییەی نەتەوەییەکانی ناو پەکەکە نەبێت

رۆژنامەنووسێک: هیوادارم کوژرانی دیار غەریب تەسفییەی نەتەوەییەکانی ناو پەکەکە نەبێت
ڕۆژنامەنووسێک پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کوژرانی سەرکردەکەی بە بەرپرسیار دەزانێت و پرسیاری ئەوە دەکات کە ئاخۆ هۆکار چییە هیچ گەریلا و سەرکردەیەکی خەڵکی باشووری کوردستانی پەکەکە “بە ساخی” دەربازیان نابێت. هەروەها هیواش دەخوازێت کە کوشتنی ناوبراو “تەسفییەی نەتەوەییەکانی ناو پەکەکە نەبێت”.

شەوقی کانەبی، ڕۆژنامەنووس، لە وتارێکدا بە ناونیشانی (دیار غەریب، بە غەریبی لەناو برا!)، ئاماژەی بەوە داوە کە کوژرانی ھەر کوردێک لە ھەر کوێ بێت و سەر بە ھەر لایەنێکی کوردی بێت، بە دەستی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان، ژانێکی گەورەیە بۆ ھەموو کوردان، بەڵام “ئەو ڕووداو و کۆستانە دەبێت وامان لێبکات باشتر بیر بکەینەوە و ساتێک لە ھەست و سۆز دوورکەوینەوە و ھەڵسەنگاندنێکی لۆژیکی بۆ ڕووداوەکان بکەین”.

ڕوونیشی کردووەتەوە: “لە ڕووداوێکی ئاوادا کە بەرپرسێکی باڵای پەکەکە کوژراوە، ئاسانترین و خێراترین گوتار ئەوەی پەکەکە بوو کە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکەیدا دوژمنان و خەڵکی سیخوڕی تۆمەتبار کرد و لەو تۆمەتبارکردنەشدا ھەمیشە ڕووی دەمیان لە ھەرێمی کوردستانە، خۆیان لە ھەموو جۆرە لەئەستۆگرتنێکی ھەر بەرپرسیارێتییەک ڕزگار کرد”.

شەوقی کانەبی نەیشاردووەتەوە کە پێش ھەموو کەسێک، بەرپرسارێتیی ھەرە گەورە لە ئەستۆی پەکەکە خۆیەتی، بۆیە دەڵێت: “بەو ڕووداوانە گومانەکانمان زیاتر دەبێت و ئەو قسەیەی کەمال بورکای، سیاسەتمەداری باکووری کوردستانمان بیردەکەوێتەوە کە دەڵێت، تورکیا پەکەکەی پڕکردووە لە پیاوەکانی میت!”.

بۆیە پرسیاری کردووە، لە کاتێکدا کە تورکیا خەریکی ئۆپەراسیۆنێکی چڕی سەربازییە، بۆچی پەکەکە بەرپرسێکی باڵای خۆی دەنێرێتە لۆفەکانی کورتەک کە ڕێگای سەرەکیی ھاتوچۆی ھاووڵاتییانی بناری قەندیلی باشووری کوردستانە؟ ئایا ئەو ھێزە ھێندە ھێزێکی بێخەبەر و نەزانە کە حیساب بۆ سەلامەتیی سەرکردەیەکی خۆی نەکات؟ پەکەکە پێشووتر “کە گوایە” لە دوکان تیمێکی میتیان ڕفاندووە، خێرە ئێستا لە کورتەک سەرکردەیەکیان دەکەنە قۆچی قوربانی؟

هەروەها پرسیویەتی: “بۆچی یەک دانە گەریلا و سەرکردەی باشووریی ناو پەکەکە، بە ساخی دەرناچن، یان دەکوژرێن یان ڕادەکەن و دێنەوە؟”.

بە بڕوای ئەو، پێویستە باشوورییەکانی ناو پەکەکە و ئەوانەشی کە لە هەرێمی کوردستاندا “بە ساویلکەیی خەریکی هوتاف کێشانن”، وردتر ببنەوە کە باشووری کوردستان وەک کیان و خەڵکەکەشی “ھیچ ئەرزشێکیان لای پەکەکە نییە”. دەشڵێت: “ئەو نفوزە بچکۆڵەیەش کە ھەیانە، تەنھا بۆ بەکارھێنانیانە لە خزمەت پڕۆژە ئایدۆلۆژییەکەیان، ھەر کات کاریشی پێیان نەمابێت، لوولیان دەکات و ھەڵیاندەگرێتەوە و کۆتاییان پێدێنێت”.

ڕۆژنامەنووسەکە دووپاتی کردووەتەوە: “پەکەکە دەمێکە گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە ھیچ پڕۆژەیەکی لە باشووری کوردستان سەرناکەوێت، خۆشیان ھیچ ستراتیژێکیان لە لۆفەکانی کورتەک تێپەڕ ناکات، ئەو خەڵکە سادەیەش کە لە باشوور لە ڕوانگەی کوردایەتییەوە بەدوایان کەوتووە، بێئاگان لەوەی کە پەکەکە ئێستا تاکە ھێزی کوردییە بە ئاشکرا و بە نوێژی نیوەڕۆ دژی پڕۆژەی کوردایەتییە و ئەوەشیان نەشاردووەتەوە”.

لە کۆتاییشدا نووسیویەتی: “وەک دەڵێن دیار غەریب لەسەر هێڵێکی نەتەوەیی ڕۆیشتووە، ھیوادارم ئەوە تەسفیەی نەتەوەییەکان نەبێت لە لایەن عەلەوییە دەسەڵات بەدەستەکانی ناو پەکەکەوە”.










باسنيوز
Top