زانیاری لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەر و مامۆستایان دەخرێتەوە ڕوو

زانیاری لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەر و مامۆستایان دەخرێتەوە ڕوو
پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان دەست پێ دەکاتەوە و سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانیش چەند زانیارییەک لەمبارەیەوە دەخاتە ڕوو.

عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند: "ئەنجومەنی وەزیران ماوەیەكە بڕیاری داوە كە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەر و مامۆستایان دەست پێبكاتەوە و فەرمانەكە رەوانەی وەزارەتی دارایی كراوە، ئێستاش وەزارەتی دارایی بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتەكان، سەرقاڵی دانانی میكانیزمێكن بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و ھەر كاتێك لەسەری گەیشتنە رێككەوتن، پلەبەركردنەوە دەست پێدەكاتەوە"

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ئەوەشی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاندووە: "ئەو كارە پێویستی بە ھەندێك كات ھەیە تاوەكو دەست پێبكاتەوە، چونكە ماوەی چوار ساڵە بە ھۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە و ژمارەیەكی زۆری مامۆستا و فەرمانبەر كاتی پلەبەرزكردنەوەیان ھاتووە، بۆیە وەزارەتی دارایی پێویستی بە زانیاری تەواو و پارەش ھەیە بۆ ئەوەی ئەو كارە ئەنجام بدات، بەڵام بەردەوام كاری تێدا دەكرێت و ھەر كاتێك تەواو بوو، پلە بەرزكردنەوە دەست پێدەكاتەوە".

لە 1/1/2016ەوە بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەرانی شارستانی ڕاگیراوە، ئەمە لەکاتێکدا کە بە ھەردوو قانوونی ڕاژەی شارستانیی ژمارە 24ی ساڵی 1960 و قانوونی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە 22ی ساڵی 2008 پلەبەرزکردنەوە (الترفيع) وەک مافێکی فەرمانبەر جێگیر کراوە.

بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لەنێوان چوار بۆ پێنج ساڵ جارێک دەبێت، کە بەو هۆیەوە ناونیشانی (وەزیفە)کەیان پێ دەگۆڕێت و مووچەکەشیان بۆ زیاد دەکرێت.










باسنيوز
Top