ئاشنا عەبدوڵڵا: لە وادەی خۆیدا كابینەی نوێ پێكدێت.. ئەمڕۆ سیڤیی كاندیدەكانمان رادەست دەكەین

ئاشنا عەبدوڵڵا: لە وادەی خۆیدا كابینەی نوێ پێكدێت.. ئەمڕۆ سیڤیی كاندیدەكانمان رادەست دەكەین
پەرلەمانتارێكی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەو وادەیەی بۆ كابینەی نوێ دیاری كراوە، حكوومەت پێكدێت. دەشڵێت، چوارشەممە یاخود پێنجشەممە متمانە بە كابینەی نوێی حكوومەت دەدرێت.


بە مەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێ و متمانە‌دان بە وەزیرەكان، ‌بەرواری 30-6-2019 پەرلەمانی كوردستان خولی بەهارەی ساڵی یەكەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی تاوەكو بەرواری 15-7-2019 درێژ كردەوە.

ئاشنا عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، راگەیاند، پێش دوو رۆژ پەرلەمان بانگهێشتنامە بۆ پەرلەمانتاران دەنێرێ، بەڵام تاوەكو سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان نەكات، ناتوانین بڵێین لە فڵان رۆژەدا كۆبوونەوەكە دەكرێت، چونكە تاوەكو ئێستا بە تەواوی دیاری نەكراوە، هۆكارەكەشی بۆ رادەستنەكردنی سیڤیی كاندیدەكان گەڕاندەوە.

هاوكات ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرایشی دەكات، لە نێوان 10 و 11ی ئەم مانگەدا كۆبوو‌نەوەی پەرلەمان دەكرێت، هەروەها رایدەگەیەنێت، لەو وادەیەی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم دیاری كراوە، كابینەی نوێ پێكدێت.

ئاشنا عەبدوڵڵا، ئەوەیشی راگەیاند، دەرفەتێكی وا نەماوە، بۆیە پەرلەمانیش وادەی ئەم وەرزەی درێژ كردووەتەوە بۆ 15 رۆژی تر تاوەكو كابینە پێكبێت، ناوبراو روونیشی كردەوە، لەو وادەیەی دیاریكراوە بۆ كابینەی نوێ، كاندیدی راسپێردراو بۆ سەرۆكوەزیران و كاندیدی لایەنەكان بۆ پۆستی وەزارەتەكان سوێندی یاسایی دەخۆن.

سەبارەت بە سیڤیی كاندیدەكانیش كە ئایا تاوەكو ئێستا رادەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كراون، ناوبراو رایگەیاند، كە تاوەكو ئێستا سیڤیی كاندیدەكان رادەستی پەرلەمان نەكراون، بەڵام ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان سیڤیی كاندیدەكانیان رادەستی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.



kdp -
Top