ئازاد تۆفیق: یادداشتی پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ده‌خه‌نه به‌رده‌م حكوومه‌تی نوێی هه‌رێم
ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "هۆكاری نه‌بوونی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له هه‌ڵه‌بجه ڕێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كانه له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كورسیی ئه‌نجومه‌نه‌كه، بۆیه دووا خرا بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان".
به‌یانی، 8ی تهمووز 2019، په‌رله‌مانی كوردستان سێیه‌م دانیشتن بۆ هه‌مواركردنه‌وه و درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كوردستان ئه‌نجام ده‌دات و ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان تا كاتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان درێژ ده‌كاته‌وه.
ئازاد تۆفیق گوتیشی: "هه‌ڵەبجه پێویستی به ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌بێت و وتوشمانه ئه‌نجومه‌ن چاک ده‌بێت و هاوكاری پارێزگار و جێگری پارێزگار و ته‌واوی فه‌رمانگه‌كان ده‌بێت، یادداشتی پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ كابینه‌ی 8ـی حكوومه‌ت به‌رز كرابووه‌وه".
ڕۆژی 13-3-2014، له لایه‌ن سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانییەوە واژۆ له‌سه‌ر به‌پارێزگابوونی شاره‌كه كرا، لە 2-5-2015 له لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه له هۆڵی مۆنه‌مێنتی شاره‌كه پڕۆژه‌یاسای به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه په‌سه‌ند كرا و كرایه چواره‌م پارێزگای هه‌رێمی كوردستان، پاشان سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان، مه‌سعوود بارزانی، مه‌رسوومی سه‌رۆكایه‌تیی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ی ئیمزا كرد.
پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه گوتیشی: "جارێكی تر له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی 9ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یادداشتی پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بۆ سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه".
ڕووبه‌ری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه 1599 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه و پێك هاتووه له قه‌زای هه‌ڵه‌بجه، ناوه‌ندی پارێزگاكه و، ناحیه‌كانی سیروان، خورماڵ، بیاره، به‌مۆ و 86 كیلۆمه‌تر له پارێزگای سلێمانییه‌وه دووره، ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی نزیكه‌ی 120 هه‌زار كه‌سه."
kdp -
