کرمانج عەبدوڵڵا: داعش لە مەخموور ئامادەکاری بۆ کردەوەی تیرۆریستی دەکات
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆغ لە مەخموور، ڕاگەیاند: "بەپێی زانیاریی ئێمە چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور خەریکی خۆڕێکخستنەوەن، جگە لەوەی پێشتر و ئێستاش داعش بەردەوامە لەسەر زیادکردنی جووڵەکانی، بەڵام ئێستا زیاتر لە پێویست کەوتوونەتە خۆئامادەکردن و کۆکردنەوەی چەکدارەکانی، بێگومان ئەو خۆئامادەکردنەوەیەی داعش لە سنووری مەخموور بۆ کردەوەی تیرۆریستی و ھێرشکردنە، پێمان وایە دەیانەوێ لە دەرفەتێکدا دەستی خۆیان بوەشێنن."
دەربارەی ھەماھەنگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ لێدانی داعش، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆخ دەڵێت: "ھیچ ھەماھەنگییەکی ئەوتۆ لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا نییە، ئەگەر بێت و کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر نەکرێن و ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخموور جێگیر نەکرێت، مەترسی لەسەر قەزای مەخموور ھەیە."
کرمانج عەبدوڵڵا گوتی: "ئاساییکردنەوەی ڕەوشی مەخموور بۆ پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر پەیوەستە بەو لیژنەیەی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدادا کار دەکەن و لە ھەندێ ڕووەوە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەڵام ھێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی بۆ ئەوەی لەسەر زەوی جێبەجێ بکرێت، ئەگەر بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەوە بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر دەکرێن و کۆتایی بە ڕەوشی ئاڵۆزی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دێت."
kdp -
