کۆریای باشوور ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەمەجۆر دەکات
بۆ چۆی کوانژین، کونسووڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەولێر، ڕاگەیاند: "کۆریای باشوور بەگرینگەوە دەڕوانێتە ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان دۆستی لەمێژینەی کۆریای باشوورە، لە قۆناغە جیاوازەکان گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندییەکاندا هاتووە و هەمیشە بەرەو بەهێـزی چووە، لە قۆناغی داهاتوو پەیوەندییەکان زیاتر پەرەیان پێ دەدرێـت، لە ڕووی ئابووری و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانەوە."
کونسووڵی گشتیی کۆریا ڕایشیگەیاند: "ئێستا لە هەرێمی کوردستان قۆناغێکی تر هاتووەتە ئاراوە، هەرێمی کوردستان شوێنێکی لەبارە بۆ جموجووڵی ئابووری و هەمەجۆرکردنی ئاستی پەیوەندییەکان. دڵخۆشین کەوا ئێستا پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە و گرفتەکان چارەسەر کراون، قۆناغی ئایندە قۆناغی جێبەجێکردنی کارنامە و ئامانجی ستراتیژیی هاوبەش دەبێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشووردا."
کوانژین ئاماژەی بەوەش کرد: "گەشبینین بەوەی ئێستا کەسێکی بەهێزی وەک ڕێزدار، نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە. ئەو، کەسێکی بلیمەت و بەتوانایە لە ڕووی سیاسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتییەوە و باش دەزانێت زمانی دیپلۆماسی بەکار بێنێت و شارەزایە لە دەوڵەتداری، ئومێدی سەرکەوتنی بۆ دەخوازین."
kdp -
