نێچیرڤان بارزانی ماڵئاوایی لە وەزیرەکانی كابینەی هەشتەم كرد
لەمبارەوە نێچیرڤان بارزانی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی "سوپاسی ئەندامانی کابینەی ھەشتەم و گشت کارمەندانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەكەم کە لە دۆخێکی زۆر سەختدا خزمەتیان کرد. ھەموو پشتگیرییەکیش لە سەرۆک وەزیرانی داھاتوو و کابینەکەی دەکەم، خودا کوردستان بپارێزێت".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا رایگەیاند كە بە بۆنەی كۆتاییهاتنی كابینەی هەشتەم و نزیكبوونەوەی راگەیاندنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، سوپاسی وەزیرەكانی كابینەی رابردوو و قوباد تاڵەبانی جێگری دەكات كە لێبڕاوانە خزمەتیان كردووە و پشتیوانی بوون.
هەروەها رایگەیاند لە قۆناخی رابردوودا تووشی سەختیەكی زۆر بوونەوە بە هۆی شەڕی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و هاوكات بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەوڵەتی فیدراڵییەوە، دووپاتیشی كردەوە كە دەبێ لەمەودوا حكوومەتی عێراق پێگەی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی لەبەرچاو بگرێت و بەم شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵ بكات.
چاوەڕوان دەكرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو رابگەیەندرێت.
bas news -
