بازرگانێک جۆرە بزنێک دێنێتە کوردستان ساڵانە زیاتر لە یەک تەن شیر دەدات

بازرگانێک جۆرە بزنێک دێنێتە کوردستان ساڵانە زیاتر لە یەک تەن شیر دەدات
بازرگانێکی شاری هەولێر، جۆرە بزنێک بە ناوی (سانین) هاوردەی کوردستان دەکات، کە ساڵانە یەک تەن بەرهەمی شیری هەیە. مامۆستایەکی بەشی سامانی ئاژەڵی کۆلێژی کشتوکاڵیش بە پێویستی دەزانێ، کە لێکۆڵینەوە لە جۆری و بەرهەمەکەی بکرێت ئینجا بڕیاری هاوردەکردنی بدرێت.


مەسعود محەمەد ساڵح، زیاتر لە 20 ساڵە ئاژەڵدارە و بزن بەخێو دەکات، ماوەیەکیشە جۆرە بزنێک هاوردەی کوردستان دەکات، کە لە جیهاندا بە بزنی (سانین) ناسراوە و بەوە ناوبانگی دەرکردووە کە بەرهەمی شیری زۆرە، ئەو بازرگانە، بۆ ، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەو بزنە چەند جۆرێکی هەیە، تا ئێستا ئەوانەی هاوردەی کوردستانی کردوون، جۆری هەبووە رۆژانە هەشت کیلۆ شیری داوە، بەڵام زۆرینەیان تا پێنج کیلۆ شیریان بەرهەم داوە، کەچی بزنی خۆماڵی، دوو تا سێ کیلۆ شیر بەرهەم دەدەن: ”باشیی ئەو بزنە، تەنیا لە شیرەکەیدا نییە، بەڵکوو لە زاوزێشدا زۆر باشە، ساڵێ دوو جار دەزێ، دووانەی دەبێت و زۆر جار سێ کاریلەی دەبێت ئەمەش لە رووی ئابوورییەوە زۆر بەسوودە، هاوکات مووەکەی کورتە و مێروولەشی کەم تووش دەبێت“.


بزنی سانین، بنەچەی بۆ سویسڕا دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی زۆریی بەرهەمەکەی لە زۆربەی وڵاتان بڵاو بووەتەوە و گرنگییەکی تایبەتی پێ دەرێت، چونکە لە رووی ئابوورییەوە زۆر بەسوودە، کاریلەی ئەو بزنە کە لەدایک دەبێت، کێشی سێ بۆ سێ کیلۆ و نیو دەبێت، لە ماوەی ساڵێکدا کێشەکەی دەگاتە 45 کیلۆ، بەڵام دایکانەی پێگەیشتوو، کێشی لەنێوان 50 بۆ 70 کیلۆ دەبێت، نێرییەکەیشی کێشی لەنێوان 75 بۆ 100 کیلۆ دەبێت.


ئەو بازرگانە جەخت دەکاتەوە، سەرباری باشیی ئەو جۆرە بزنە، تەنیا لە کوردستان گرنگیی پێ نەدراوە و بەخێو ناکرێت، نرخی نێودەوڵەتیی ئەو بزنە 300 دۆلارە، بەڵام لە کوردستان بەهۆی تێچووی هاوردەکردنەوە، دەگاتە 700 دۆلار: ”نزیکەی 400 دانەم هێناوەتە کوردستان، داواکاریی زۆری لەسەرە، تەنانەت بۆ باشووری عێراقیشیان بردووە، تا ئێستا لەگەڵ کەشی کوردستان گونجاوە و گرفتی نەبووە، هەرچەندە بزنەکە حەزی لە شوێنی سارد و فێنکە“.


مەسعود محەمەد، ئاماژە بەوەش دەدات، کە شوانکارێک ئەو جۆرە بزنەی لەگەڵ بزنی خۆماڵی لە یەک داوە، جۆرە بزنێکی نوێی لێ دەرچووە و دەڵێت: ”ئەو شوانکارە خەنی بووە و لە کۆڵ بێ شیری بووەتەوە، بزنی خۆمانە ساڵانە یەکجار دەزێ و یەک کاریلەی دەبێت، بەڵام کە لێکیان داوە، بزنێکی نایابی لێ دەرچووە، هەم شیری زۆرە و هەمیش لە رووی زاوزێوە زۆر باش بووە“.


د. سالم عومەر رەئووف، مامۆستا لە بەشی سامانی ئاژەڵی، لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سەڵاحەدین، پسپۆڕی بواری پەروەردەکردنی بزنە، ، ئاماژە بەوە دەدات: ”بیستوومانە بازرگانێک ئەو جۆرە بزنەی هێناوە، بۆیە دەبێت توێژینەوەی لەسەر بکرێت و بزانرێت چۆن خۆی لەگەڵ ژینگەی ئێرە دەگونجێنێت و شیرەکەی چۆنە، راستە بەرهەمی زۆرە، بەڵام دەبێت لێکۆڵینەوەش لە جۆری ئالیکەکەی بکرێت و بزانرێت، ئایا رۆژانە چەند ئالیکی پێویستە، ئینجا لێکدانەوەی بۆ بکرێت، تەنانەت لێکدانی لەگەڵ بزنی خۆماڵی، دەبێت توێژینەوەی لەسەر بکرێت“.


ئەو پسپۆڕە لەبارەی سوودی ئابوورییەوە، باس لەوە دەکات، نابێت تەنیا خەریکی هاوردە بین، بەڵکوو لێکۆڵینەوە بکرێت و سەیر بکرێت، ئەگەر تەنیا نێرەکەی هاوردە بکرێت و لەگەڵ بزنی خۆماڵی جووت بکرێت، دواتر سەیر بکرێت، بزانرێت نیوە بە نیوە سانین دەردەچێت: ”پرسیارەکە لێرەیە، ئەگەر بزنەکە خۆی بێنین، ئەوا سوودی ئابووریی کەمترە، بەڵام ئەگەر کاری نێر بینین و خۆمان بیکەین بە تەگە، ئینجا لەگەڵ بزنی خۆمانە لێکی بدەین، سەیر بکەین بزانین چ سیفاتێک وەردەگرێت و شیرەکەی و گۆشتەکەی چۆنە، توێژینەوەی لەسەر بکرێت، تەنانەت بزانین چەند ئالیک دەخوات و ئەوە دێنێ ئێمە خۆمانی بۆ ماندوو بکەین“.


لە کوردستان، سێ جۆر بزن هەیە، بزنی خۆماڵی کە شیری کەمە و ساڵانە یەک جار دەزێت، کە بە بزنێکی خراپ ناوی دەکردووە، دوای ئەو بزنی شامی دێت، کە جۆرەکەی باشترە، دواتر بزنی مەرەزە دێت، کە بۆ گۆشتەکەی بەخێو ناکرێت و گۆشت و شیری کەمە، بۆ مووەکەی بەخێو دەکرێت، دەشڵێت: ”بزنی کێوی، باشترینە و دەتوانرێت سوودی لێ ببینین، شوانکارێک نزیکەی 150 دانەی بەخێو دەکات، چونکە دەتوانێت لەگەڵ ژینگەکە خۆی بگونێجێنێت، شیری باشە و ماستەکەی لە ماستی مەڕ خۆشترە، بەرگەی نەخۆشی دەگرێت و بەهێزە، ئێستا چەند کەسێکی دیکە بەخێوی دەکەن“.


ئەو مامۆستایەی زانکۆ، بە پێویستی دەزانێت زیاتر گرنگی بە بزنی خۆماڵی بدرێت، جەخت دەکاتەوە، کە ئەو توێژینەوەیەکی کردووە و لە ئەڵمانیا پێشکەشی کردووە، لەبارەی ئەوەی کە بزنی خۆماڵی بەرهەمی نییە، ناکرێت ئەنفال بکرێت و نەهێڵدرێت، بەڵکوو پێویستە لەگەڵ بزنی شامی جووت بکرێت: ”ئەوە باشترین کارە، بە دوو لێکدان نزیکم کردەوە لە شامی، ئەوەش کارێکی باشە بێ ئەوەی بزن هاوردە بکەین، بزنی خۆمان بکەین بە شامی زۆر گرنگە، پارەشی تێناچێ، شامی لە ساڵێکدا یەک جار دووجار دەزێ و سێ کاری دەبێ، ئەوەش گرنگە، هاوکات بزنی خۆماڵی هەر ئالیکێکی پێ بدەی، رازییە“.


د. سالم، پێی وایە کە تا لێکۆڵینەوە نەکرێت، ناکرێت هیچ جۆرە ئاژەڵێک هاوردە بکرێت، دەبێت توێژینەوە لەسەر گۆشتەکەی بکرێت، بزانرێت چەندی پرۆتینە و چەندی چەورییە، ئەلبۆمینی چەندە، هەروەها شیرەکەی، گونجاویی لەگەڵ ژینگەی چۆنە، چەند بەرگەی نەخۆشی دەگرێت.


رەمەزان محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، نایشارێتەوە، کە لە ساڵی 2014وە ئامار بۆ ئاژەڵەکانی کوردستان نەکراوە، بەڵام لە ئاماری ساڵی 2014 نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار سەر بزن لە کوردستان هەبووە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەوان جووتیاران و بازرگانان هان دەدەن ئەو جۆرە بزنە بەخێو بکەن، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە رێژەی زیادبوونیان 200%ە، هاوکات چەندین توێژینەوەیان لەسەر ئەو بزنە کردووە، کە سوودی ئابووریی زۆری هەیە و دەڵێت: ”ماوەیەکی زۆرە مۆڵەتی هاوردەی ئەو جۆرە بزنەمان داوە، شوانکارانیش هان دەدەین ئەو جۆرە بزنە بەخێو بکەن، چونکە لە رووی زاوزێ و شیرەوە سوودی زۆرە“.

bas news -
Top