رۆژانە لە كوردستان حەواڵە و ئالوگۆڕ بە دەیان ملیۆن دۆلار دەكرێت
عابد مزووری، بەڕێوەبەری گشتیی لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕاگەیاند: "ئاڵوگۆڕ و حەواڵەكردنی پارە لەنێوان ئێمە و بانكە ئەهلییەكانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەویش لەگەڵ ئەو بانكانەی مۆڵەتیان هەیە و لەژێر چاودێرین، بۆ ئەوەی تێوە نەگڵێن لە كاری نایاسایی".
روونیشی كردەوە، باشتربوونی دۆخی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی كوردستان كاریگەریی كردووە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاڵوگۆڕ و مامەڵەكردن بە دراو بەتایبەت دۆلار، گوتیشی: "رۆژانە پارەیەكی زۆر لە بەغداوە بۆ ئەو بانكانە دەنێردرێت و ئەوانیش مامەڵەی خۆیانی پێوە دەكەن و بەشێكیشی دەخەنە بازاڕەوە".
زیاتر لە 45 بانكی عێراقی لقیان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و بڕیارە زیاتریش بكرێن.
مزووری، دووپاتی كردەوە، هیچ كێشەیەیان لەگەڵ بانكە ئەهلییەكانی كوردستاندا نییە و كاریان لەگەڵدا دەكەن.
چەند نووسینگە و كۆمپانیایاكی دراو لە كوردستان، بە فەرمی لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دانیان پێدا نراوە، هەندێكیان مافی حەواڵەكردنی دراویان بۆ دەرەوەی كوردستانیش هەیە.
بیلال رەسووڵ، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی گرووپی كۆمپانیاكانی دیناری عێراقی، كە لقی لە زۆربەی شارەكانی عێراق و ئیمارات و توركیادا هەیە، رای گەیاند، بەهۆی ئاساییبوونەوەی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان و نزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەرەی سەندووە، ئەمەش كاری كۆمپانیا و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕ و حەواڵەكردنی دراوی زیاد كردووە.
روونیشی كردەوە، لەبەرئەوەی بانكی ناوەندی مۆڵەتی پێ داون، بۆیە ئێستا بەشێكی حەواڵەكان لە رێگەی بانكە ئەهلییەكانەوە دەكرێت، گوتی: "بەشێكیشی لە ڕێگەی نووسینگەكانەوە، بەڵام زۆربەی حەواڵەكان لە ڕێگەی بانكی ناوەندییەوەیە، ئەویش بە سوودوەرگرتن لە بانكی وڵاتانی دەوروبەر، كە لقیان لە شارەكانی عێراقدا هەیە".
لە شاری هەولێر نزیكەی 350 نووسینگە و 200 كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەن، رۆژانە جگە لە ئاڵوگۆڕی دراو لەناوخۆدا، دراو حەواڵەی دەرەوە دەكەن.
شێروان ئەنوەر مستەفا، سەرۆكی هاوبەندیی بانكە ئەهلییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان هەر حەواڵەكردنێك لە رێگەی بانكی ناوەندیی عێراقەوە دەبێت، گوتی: "بۆ نموونە بازرگانێك، كەسێك دەیەوێت پارە بۆ كۆمپانیایەك بۆ ئەڵمانیا حەواڵە بكات، ئەو كاتە لە رێگەی بانكی ناوەندی دەبێت و پارەكە تۆمار دەكرێت".
جەختیشی كردەوە، كۆمپانیای تایبەت بە تەحەویلكردنی دراو لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە مۆڵەتیان لە بانكی ناوەندی وەرگرتووە، ئەوانیش لە رێگەی بانكەكان كاری حەواڵە دەكەن.
ئاشكراشی كرد، لە ناوخۆی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بانكی ناوەندیی عێراق رۆژانە نزیكەی 90 ملیۆن دۆلار حەواڵەی هەیە، گوتی: "رۆژانە تەنیا لە شاری هەولێر نزیكەی 25 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەكرێت، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش ئەم ئاڵوگۆڕە دەگاتە نزیكەی 40 تاوەكوو 90 ملیۆن دۆلار".
بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان، لە سێ ساڵی رابردوودا بایی 73 ملیار و 165 ملیۆن دۆلار كاڵا لە 53 وڵاتەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، پارەی كاڵا هاوردەكراوەكانیش لە رێگەی بانكەكان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە حەواڵە كراون.
بە گوتەی سەرۆكی هاوبەندیی بانكە ئەهلییەكانی عێراق، حەواڵەكردن بۆ رووپۆشكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لە رێگەی هێنانی كاڵا و كەلوپەل لەدەرەوە بۆ ناوخۆ، ئەوەش مانای زیادبوونی بازرگانییە".
سیامەند مەولوود، بەڕێوەبەری بۆڕسەی كوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری هەولێر راگەیاند، هەڵكشان و داكشانی ئاڵوگۆڕی دراو لە كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی، پەیوەستە بە باشبوونی بارودۆخی ئابووری و گەشەسەندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان، گوتی: "بازرگان كاڵاكانیان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بە دینار ساغ دەكەنەوە و بۆ دووبارە هاوردەكردنەوە دۆلار دەكڕن و دۆلارەكەش لە رێگەی كۆمپانیا و بانكەكانەوە حەواڵەی دەرەوە دەكرێت".
سیامەند، دەشڵێت: "هەندێ رێگە بە حەواڵەكردنی پارە نادەن بۆ وڵاتەكانیان، بۆ نموونە توركیا و ئوردن، بەڵام حەواڵەكردنی پارە بۆ ئیمارات زۆر توند نییە، بەئاسانی دەتوانین پارە بۆ ئەوێ حەواڵە بكەین".
بەپێی دەستوور، سیاسەتی دارایی و نەختینە لە دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندیدایە، بۆیە رۆژانە بۆ هاوسەنگكردنی نرخ، بانكی ناوەندیی عێراق 200 تاوەكوو 300 ملیۆن دۆلار دەخاتە مەزاد و بە نرخی پاڵپشت بە بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوی دەفرۆشێتەوە.
عابد مزوزری ئاشكرای دەكات، بازرگانەكان لە ڕێگەی بانكە ئەهلییەكانەوە بە دوو شێواز بۆ كاڵا و شتومەك پارە حەواڵەی دەرەوە دەكەن، گوتی: "بە رێگەی یەكەم راستەوخۆ پارەكە دەدات بە بانك و بانكەكەش لە وڵاتی دیاریكراو پارەكە دەداتە كۆمپانیاكە، بە رێگەی دووەم، پێی دەگوترێت ئێلسی، كە رێگەیەكی مۆدێرنە و ئێستا لە هەموو جیهاندا كاری پێ دەكرێت، بریتییە لەوەی بازرگان لە ڕێگەی رەهنكردنی زەوی یان موڵك یان هەر شتێكی دیكە، رەسیدێك لە بانكێكی ئەهلی تۆمار دەكات، كاتێك بازرگان دەیەوێت كاڵایەك هاوردە بكات، بانكەكە پاڵپشتیی بازرگانەكە دەكات".
bas news -
