یەكێتیی مامۆستایان: پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بە مامۆستایان لە قۆناغی سەرەتاییدایە

یەكێتیی مامۆستایان: پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بە مامۆستایان لە قۆناغی سەرەتاییدایە
جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتی، تا ئێستا پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بە مامۆستایان لە قۆناغی سەرەتاییدایە و دەمانەوێت زۆرترین كۆمپانیا بێنە پێشەوە، هەر كۆمپانیایەكیش زیاتر مەرجەكانی ئێمە جێبەجێ بكات، گرێبەستی لەگەڵ واژۆ دەكەین.

ئەحمەد گەرمیانی، ڕاگەیاند: "پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بە مامۆستایان، ھێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە و ھیچ گرێبەستێك لەگەڵ ھیچ كۆمپانیایەك ئەنجام نەدراوە، ئێمەش دەمانەوێت تەنھا یەك كۆمپانیا ئەو كارە نەكات و قۆرخ بكرێت، بەڵكوو دەخوازین دەرگا بۆ ھەموو كۆمپانیایەك واڵا بێت و ھەر كۆمپانیایەك زیاتر مەرجەكانی ئێمە جێبەجێ بكات، گرێبەست لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە بكەین، بۆیە داوا لە كۆمپانیاكان دەكەین ئەوەی ئارەزووی ئەو كارە دەكات، بێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ بكەین و ئەگەر لەگەڵی گەیشتینە رێككەوتن، گرێبەستی لەگەڵ واژۆ دەكەین".

گەرمیانی گوتیشی: "ئێمە سێ مەرجی سەرەكیمان ھەیە بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان ئەنجام بدەین، ئەوانیش بریتین لە كەمترین نرخ بۆ ئۆتۆمبێلەكان و درێژترین قیست بێت و كەمترین پێشەكی بێت، ھەر كۆمپانیایەكیش ئەو مەرجانەی ئێمە جێبەجێ بكات، ئامادە دەبین گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بكەین".

جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان باسی لەوەش كرد، گرنگ نییە چ جۆرە ئۆتۆمبێلێك بە قیست دەدرێتە مامۆستایان، بەڵكوو ئەوەی گرنگە پێویستە ئۆتۆمبێلەكان نوێ بن و مۆدیلیشیان لەپێشەوە بێت و كۆن نەبن، بۆیە ئۆتۆمبێلەكان لە ھەر وڵاتێك ھاوردە كرابن، نابێتە كێشە بۆ مامۆستایان.

دەشڵێ: "مەبەستمان لەوەی زۆرترین كۆمپانیا بێنە پێشەوە و بەشداری بكەن، ئەوەیە كە كێبڕكێ دروست ببێت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەكان بە كەمترین نرخ بۆ مامۆستایان دابین بكرێن، چونكە ئەگەر بە تەنھا یەك كۆمپانیا بێت، ئەو كات دەبێتە قۆرخكاری و لە بەرژەوەندیی مامۆستایانیشدا نابێت".

kdp -
Top