گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا: کێشەی کارەبای دھۆک چارەسەر کرا
حەمە ئەمین ھەورامانی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕاگەیاند: "کێشەی کارەبای دھۆک کێشەیەکی ھونەرییە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان خۆی لەسەر خەتە بۆ چارەسەرکردنی. دوو ڕێگا گیراوەتە بەر بۆ چارەسەرکردنی کارەبای دھۆک، ڕێگای یەکەم بەھێزکردنی ھێڵەکانی کارەبان بۆ دھۆک و دروستکردنی ھێلێکی نوێیە، بەوەش کێشەی گواستنەوەی کارەبا لە کۆنتڕۆڵی گشتی بۆ پارێزگای دھۆک چارەسەر دەبێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "تا ھاووڵاتییان لە گەرمای ھاویندا کارەبای پێویستیان بۆ دابین بکرێت وەک چارەسەری بەپەلە بڕێکی زیاتری گاز بۆ پارێزگای دھۆک دابین کراوە، تا وێستگەی کارەبای کواشێ لە دھۆک بەتەواوەتی کار بکات و بەرھەمی ڕۆژانەی زیاد بکرێت."
حەمە ئەمین ھەورامانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەپێی پلانی حکوومەت لەمەودووا کێشەی نایەکسانی کارەبا لە نێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا نامێنێت و دھۆکیش ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان کارەبای بۆ دابین دەکرێت، چونکە پێشتر کێشە ھەبوو لە دابەشکردنی کارەبا، ئەوەش ھی نەبوونی گازوایل بوو، لەمەودووا ئەو جیاوازییە نامێنێت."
kdp -
