داواکاریی کورد لە ھەموارکردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکاندا جێگیر کرا

داواکاریی کورد لە ھەموارکردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکاندا جێگیر کرا
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ڕێککەوتن لەسەر ھەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان کرا و داواکاریی کوردیشی تێدا جێگیر کراوە.

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: "توانییان ئەمڕۆ دوواکۆبوونەوە لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن و تێیدا ڕێککەوتن لەسەر ھەموارکردنەوەی یاساکە و داواکاریی کوردیشی تێدا جێگیر کراوە."

شێروان دووبەردانی گوتی: "سەرجەم داواکاریی کورد لەو یاسایەدا جێگر کراوە، کە ھەڵبژاردن نەکرێت تا دۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە و بارەگاکانی پارتی بگەڕێنەوە و بۆ پرۆسەی دەنگدانیش تۆماری کۆن بەکار بھێندرێت نەک ئەوەی نوێ، چونکە ئەوەی نوێ گۆڕانکاریی تێدا کراوە و پرۆسەی دەنگدانیش ئەلیکترۆنی دەبێت."

دووبەردانی باسی لەوەش کرد: "جگە لەوەش، ھێزی پێشمەرگە لە پرۆسەی دەنگدان لە ناوچە کوردستانییەکان ھاوشێوەی ھێزە عێراقییەکان مافی دەنگدانی دەبێت، چونکە ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە لەو ناوچانە ھەیە و لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگی خۆیان دەدەن."

دووبەردانی گوتیشی: "ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە و دەنگ لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان دەدرێت و پەسەند دەکرێت."

kdp -
Top