قایمقامی ئامێدی: بەھۆی پەکەکەوە ١٥٠ گوند ئاوەدان نەبوونەتەوە و ھەژدە ھاووڵاتیش شەھید بوونە

قایمقامی ئامێدی: بەھۆی پەکەکەوە ١٥٠ گوند ئاوەدان نەبوونەتەوە و ھەژدە ھاووڵاتیش شەھید بوونە
بەھۆی ھەبوونی بنکە و بارەگای چەکدارانی پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی ساڵانە چەندین زیان بەر ھاووڵاتییانی ناوچەکە دەکەوێت و قایمقامی ئامێدیش دەڵێ، بوردوومانی تورکیا گەیشتووەتە نزیک سەنتەری قەزای ئامێدی و پەکەکە ڕێگرە لە ئاوەدانکردنەوەی ١٥٠ گوندی ئامێدی.

ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی قەزای ئامێدی، ڕاگەیاند: "لە دووای ڕاپەڕینەوە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستیان بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی سنووری قەزای ئامێدیدا گرتووە و بەو ھۆیەوە ١٥٠ گوندی سنووری قەزای ئامێدی ئاوەدانییان بۆ نەچووە و خەڵکەکەی لە کۆمەڵگە زۆرەملێکان و سەنتەری شارەدێکانی وەک شیلادزێ و دێرەلۆک نیشتەجێن، چونکە بەھۆی پێکدادانی بەردەوامی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکەوە ھەم خەڵکی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانیان و ھەمیش حکوومەت ناتوانێ خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکات."

قایمقامی ئامێدی دەشڵێت: "بە بەھانەی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکەوە دەڤەری ئامێدی بەردەوام ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی تورکیایە، ئێمە ئێستا و پێشتریش داوامان لە پەکەکە کردووە دەڤەری ئامێدی بەجێ بێڵن و نەیکەنە مەیدانی ململانێی خۆیان و تورکیا، ھەروەھا داوا لە تورکیاش دەکەین ھاووڵاتیانی سڤیلی ھەرێمی کوردستان نەکاتە ئامانج."

ئیسماعیل مستەفا ڕوونی کردەوە: "تەنیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەھۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیاوە ھەژدە ھاووڵاتیی سنووری ئامێدی شەھید بوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوونە، ئەوە جگە لە زیانە ماددییەکان کە بێسنوورن و خەڵکی زیانی زۆریان بەرکەوتووە، تەنانەت چەندین خانوو و ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتییان لەناو چوون و زیان بە چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و کەرتی تایبەتیش کەوتووە."

kdp -
Top