ھەولێر.. کارکردن بۆ چاککردنەوە و ڕێکخستنی ڕێگاوبانەکان بەردەوامی ھەیە

ھەولێر.. کارکردن بۆ چاککردنەوە و ڕێکخستنی ڕێگاوبانەکان بەردەوامی ھەیە
لەلایەن ئەندازەی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێرەوە، کارکردن بۆ چاککردنی ڕێگاوبانەکان و ڕێکخستنیان لەڕووی ھاتوچۆوە، بەردەوامی ھەیە.

لەمبارەیەوە موقەدەم فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر لە ھەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: "لەدرَیژەی کا رو چالاکییەکانی ئەندازەی ھاتوچۆی ھەولێر، دەست کرا بە دووبارە ڕێکخستنەوەی ھەردوو شەقامی (ھەولێر - کەرکووک) و (ھەولێر - پیرمام)".

دەشڵێت: "ڕێکخستنەوەکە سەرەتا بە بۆیەکردنەوەی ھێڵەکانی سەر شەقام دەست پێ دەکا، دوای ئەویش بەدانانەوەی ھێماکانی ھاتوچۆ کۆتایی دیت، کە ھەموو کارەکانیش لە ڕێگای کۆمپانیایەکی پرۆفیشنالی ئیتاڵی و بەکەرەستەی ئیتاڵی و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ھاتوچۆی ھەولێر جێبەجێ دەکرێن".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر باسی لەوەش کردووە: " بۆ ئەوەی شۆفێران تووشی کێشەی ھاتوچۆ نەبن، ڕەچاوی ئەوە کراوە کە زۆربەی کارەکان لەکاتی شەودا جێبەجێ دەکرێن".

موقەدەم فازڵ حاجی ئەوەشی خستە ڕوو، لە ئایندەیەکی نزیکدا و دوای قیرتاوکردنەوەی شەقامەکە بە تەواوەتی، دەست بە بۆیەکردنەوەی شەقامی 100 مەتری دەکرێت و دووبارە ھێڵکاری دەکرێتەوە".











باسنيوز
Top