هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی ماڵی محەمەدی حاجی مەحموود دەدرێت
موحسین تاڵب رەحیم کە کەسێکی نزیکە لە دەستەی بەڕێوەبردنی کارەکانی محەمەد حاجی مەحموود رايگەیاند، هەر کاتێک دۆخی سیاسی ئاڵۆز بووبێت و پەیوەندیی نێوان سۆسیالست و یەکێتی باش نەبووبێت، ”یەکێتی وەک ھێزێکی حکومڕانی ئەم سنوورە، گێچەڵی جۆراوجۆری بە کادیر و پێشمەرگە و سەرکردەی حزبی سۆسیالست کردووە“.
ڕوونیشی کردەوە کە تا ئەو کاتەی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی لە ژیاندا بوو، کێشەکە چارەسەر دەکرا، بەڵام ”ئەو برادەرانەی خوار مام جەلال، ھەمیشە کێشەیەکیان دەھێشتەوە بۆ فشاری سیاسیی خۆیان، بــــــۆ نموونە خانووی ماڵی دادە گەردە کە دایکی شەھید عەتا و شەھید پشتیوانە و خێزانی گەورەی محەمەدی حاجی مەحموودە“.
باسیشی لەوە کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا ”هەر جارە و بە بیانووێکەوە و وەک تۆڵەیەکی سیاسی“، گرفتیان بۆ درووست دەکرێت، جارێکیان کارەبایان لێ دەبڕدرێ و جارێکیش ئاوی ماڵەکە دەبڕن. گوتیشی: ”حزبی سۆسیالیست لە کاتی ڕاپەڕیندا زۆرترین بارەگای بەعسی پاک کردەوە و زۆرترین بارەگاشی بۆ دامودەزگاکانی حکوومەت چۆڵ کرد، بەڵام هەندێک لەو بارەگایانە نەک بەکار نەهێندران بۆ کاری حکوومەت، بەڵکوو بەرپرسانی باڵای یەکێتی فرۆشتیان، هەندێکیشیان کرد بە کۆمیتە و بارەگاکای یەکێتی، هەروەک بارەگای کۆمیتەی هەڵەبجەی تازە و شوعبەی هەڵەبجە و زۆری دیکەش“.
موحسین تاڵب ئاماژەی بەوە کرد کە ماڵێکی کاکە حەمە لە گردەکە بەرامبەر ئیدارەی گشتیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی هەیە کە پێشووتر بارەگای حزبی بەعس بووە و دواتر کاکە حەمە پاکی کردووەتەوە و لە ساڵی ١٩٩٣وە لەو ماڵە نیشتەجێیە، بەڵام ”لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو ئاگادارییەک بە واژۆی پارێزگاری سلێمانی نێردراوە کە داوای چۆڵکردنی خانووەکە دەکات، ئەمە یەکەمین جار نییە و هەر کاتێک دۆخە سیاسییەکە بە دڵی یەکێتی نەبێت، گێچەڵمان پێ دەکەن“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەوان ئامادە نین خانووەکە ڕادەست بکەن و ”پێشمەرگەکانمان قەبووڵی ناکەن تەنانەت ئەگەر هەموویان لەنێو ئەو خانووەدا کوژرابن“. گوتیشی: ”ئایا پۆلیس دێتە سەر خانووەکەی دایکی شەهید عەتا؟ ئەگەر هەر شتێک ڕووی دا لە نێوان پێشمەرگە و پۆلیسدا، ئەوان لێی بەرپرسن، ئەم قسانەی من هەڕەشە نییە، بەڵام ئەم خانەوادەیە پێشمەرگەیان لەگەڵدایە“.
باسنيوز
