گۆڕان: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا سیڤیی کاندیدەکانمان ڕادەستی مەسرور بارزانی دەکەین
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا سیڤیی کاندیدەکانیان ڕادەستی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەکەن.
جەلال محەمەدئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان ڕاگەیاند، تا ٢٤ کاتژمێری داهاتوو، ناوی کاندیدەکان ئاشکرا دەکرێن و ڕادەستی مەسرور بارزانی، ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەکرێت.
هەر لەمبارەیەوە ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”پێشتر ڕامانگەیاند کە لەماوەی ٤٨ کاتژمێری داھاتوودا ناوی کاندیدەکانمان ئاراستەی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەت دەکەین، کەواتە سبەی یەکشەممە ٧\٧\٢٠١٩ ناوەکان ئاراستە دەکەین“.
شێخانی ئاشکرای کرد، ”جڤاتی نیشتمانی زیاتر لە چوار ناوی داوەتە ڕێکخەری گشتیی گۆڕان، بۆ ئەوەی کەسەکان بۆ وەزارەتەکان دیاری بکات، واتە باشترین دیاری دەکرێت، بۆیە دواجار عومەری سەید عەلی ئەم بابەتە یەکلایی دەکاتەوە و کۆتا فلتەرە بۆ یەکلاکردنەوەی ناوەکان“.
پێشتر هۆشیار عەمەر عەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاندبوو، لە كاتی خۆیدا ناوی كاندیدەكان پێشكەش دەكەن و گرنگرترین ئامانجیش لای گۆڕان ئەوەیە، ئەم چوار ساڵە، چوار ساڵ بێت بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتییان.
ئەوەشی ئاشکرا کردبوو کە لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕاندا بڕیاریان داوە کە کاندیدەکان لەلایەن عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانەوە یەکلایی بکرێتەوە و ”دڵنیاشین کە ئەم بابەتە بە دادپەروەرانە یەکلایی دەکاتەوە“.
باسنيوز
